پەرەگراف
20ی ئۆکتۆبەر کە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، دەکەوێتە چوار ڕۆژ دوای 16ی ئۆکتۆبەر کە حەوتهەمین ساڵیادی گەڕانەوەی سوپای عێراقە بۆ کەرکوک و پارتی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە بە "خیانەتی یەکێتی" لە قەڵەم دەدات.
هەروەها رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو رۆژەبوو كە هێزی پێشمەرگە رێگریكرد لە ڕۆیشتنی سوپای عێراق لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر و پارتی ئەو ڕۆژە بە "داستانی پردێ" ناو دەبات.
بەشێک لە چاودێران دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بۆ هەڵبژاردن بە سیاسی لە قەڵەم دەدەن، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت "دیاریکردنی رۆژی ٢٠ ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتییەوە تەوقتێکی تەواو سیاسییە و گۆڵە لە یەکێتی! ١٦ ی ئۆکتۆبەریان خستۆتە ناو کاتی بانگەشەوە، ئەوەی ناویشیان ناوە (داستانی پردێ!!) رۆژی هەڵبژاردنەکەیە!".
هاوکات ئەمڕۆ لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردن، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم، وتی: ئەگەر بڵێم 20ی ئۆكتۆبەر رۆژێك بوو كە هەمووان لەسەری ڕێککەوتوون، نەخێر، بەڵام گفتوگۆ كراوەو بە هیچ لایەنێکمان نەگوتووە ڕاتان لەسەر 20-10 چییە بۆ هەڵبژاردن، سەرۆکایەتی هەرێم بێلایەنە لەم پرسەدا.
بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆببێتەوەو هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت.