کوژانەوەی گشتیی لە کۆمپانیای دانەگاز ڕوویداو بەرهەم هێنانی کارەبا لە هەرێم کێشەی بۆ دروست بوو
پەرەگراف
کوژانەوەی گشتیی لە کۆمپانیای دانەگاز ڕوویدا لە کێڵگەی کۆرمۆر کە گاز بۆ زۆربەی وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبای هەرێم دابین دەکات؛ بەوهۆیەوە زۆربەی فیدەرەکان کوژاونەتەوەو کارەبا کەم بووەوە.
ئەندازیار غالب مارف بەرێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: كاتژمێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ لەكۆمپانیای دانەگاز بەهۆكارێكی نادیار كوژاندنەوەی گشتی بەهۆی دابەزینی پەستانی غاز روویداوەو بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا كەمبووەتەوەو ناتوانرێرت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكەین.
بەرێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی دەشڵێت: لەئێستادا زۆربەی فیدرەكان كوژاونەتەوە بەهۆڵەكانی تاقیكردنەوەشەوە تا ئەوكاتەی كێشەی دانەگاز چارەسەردەبێت و بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر وەبەرهێنان دەکات کە گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانە، کۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.