لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی شاردنەوەی دەیان كۆرپەی لەبارچوو لە ‏گۆڕستانێكی هەولێر دەكرێت

25-06-2024 09:08

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی گرتەیەكی ‏ڤیدیۆیی پێك دەهێنێت كە تێیدا ئاشكرا كرا ڕۆژانە لە هەولێر دەیان ‏كۆرپەی لەبارچوو يان لەباربراو بە شێوەیەكی نەشیاو دەشاردرێنەوە. ‏

وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت "بۆ بەدواداچوونی ڕاستی ‏و دروستی و هۆكار و ئاستی كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی ‏تەندروستی، لە دیاردەی لەبارچوونی كۆرپە و هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ ‏پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەك ‏لە سۆشیاڵ میدیا، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەی ‏لێكۆلینەوە".‏

وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت "لیژنەكە بە هاوبەشی لەگەڵ ‏سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی پێك هێنراوە، بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و ‏دەستنیشانكردنی سەرپێچیكاران و وەرگرتنی ڕێككاری یاسایی و ‏ئاگاداركردنەوەی ڕایگشتی لە دەرەنجامەكان".‏

بەپێی ژماریەك گرتەی ڤیدیۆیی كە لەم ڕۆژانەدا لە سۆشیال میدیا بڵاو ‏كرانەوە، ئاشكرا كرا كە ڕۆژانە دەیان كۆرپەی لەباربراو لەلایەن ژمارەیەك ‏كەسەوە دەبرێنە شوێنێك لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد لە هەولێر و بە ‏شێوەیەكی نەشیاو دەشاردرێنەوە.‏