وەزیری دارایی: هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی

25-06-2024 09:33

 پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، پڕۆژەی هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی و یەکی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ خۆتۆمارکردنی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە هەولێر.

ئەو وتانەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من.

"جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی و ڕێگری لە سپی کردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات" وەزیری دارایی وادەڵێت.

وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، "هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزەکانی پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە".

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران تاوەکو مانگانە بە ئەلیکترۆنی و لە ڕێی کارتی بانکییەوە مووچە وەربگرن، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون و پلانی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران کە نزیکەی یەک ملیۆنن لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن.

تا ئێستا نزیکەی ٢٤٠ هەزار کارتی بانکیی دابەش کراوە بەسەر ئەو مووچەخۆرانەی لە هەژماری من تۆمار کراون، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچە خۆر کە لە ١٣٥ یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرزدەکرێتەوە.

٨ بانک بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون، یەکێک لەوانە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی(تی بی ئای)یە کە سەربە حکومەتی فیدراڵییە.

حکومەتی هەرێم لە هەولێرو سلێمانی دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە(ATM)ی سەربە پڕۆژەی هەژماری من-ی داناوە تا مووچەخۆران مووچەکانیان ڕابکێشن، ئامانجی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەو  ژمارەیە بگەیەنێت بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان.