پەرەگراف
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی زیاتر لە 78 ملیۆن دۆلار پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ جێبەجێ دەكات.
ئەمڕۆ گرێبەستی پرۆژەكە لە نێوان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری كۆمپانیای هابیكای جێبەجێكاری پرۆژەكە واژوو كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێت "سنوورەكە ساڵانێكی زۆرە بەهۆی گرفتی كەمئاوییەوە دەناڵێنن و چاوەڕوانیی خەڵكی چەمچەماڵیش لە كابینەی نۆیەمدا كۆتایی دێت و كێشەی ئاویان نامێنێت".
سەبارەت بە ماوەی تەواوكردنی پرۆژەكە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی "بەپێی ڕۆژی تەقویمی، 730 ڕۆژی بۆ دیاری كراوە، بەڵام داوا لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەین ئەو ماوەیە كورتتر بكەنەوە، بۆ ئەوەی زووتر خەڵكی چەمچەماڵ و دەوروبەری لێی سوودمەند ببن".
"پرۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنەوەی لە یەك كاتژمێردا هەیە و زیاتر لە 480 هەزار كەسیش لێی سوودمەند دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەڕاندنەوەی ڕێژەیەكی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی لە پرۆژەی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی دەبێت"، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وا دەڵێت.
پرۆژەكە وێستگەی پاڵاوتن و یەكەی وەرگر و پەمپستەیشنی ناوەندی و خەزانێكی گەورە بە قەبارەی 5 هەزار مەتر سێجا لەگەڵ ڕاكێشانی هێلی كارەبا و چەند تایبەتمەندییەكی دیكەش لەخۆ دەگرێت.