پەرەگراف
٣٠ حاجیی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە سعودیە گیانیان لە دەستداوەو نزیکەی ١٥ هەزاریش لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان چوونەتە حەجکردن.
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافی هەرێم ڕایگەیاند، ٢٩ لەو حاجییانە بە ڤیزەی گەشتیاریی و لە دەرەوەی ڕێکارەکانی وەزارەتی ئەوقاف چوونەتە حەج، تەنیا یەک حاجییان بە فەرمیی و لە ڕێی وەزارەتەوە چووەتە سعودیە.
ئەم ساڵ 4685 کەس لە هەرێمەوە بە فەرمیی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە، وەزیری ئەوقاف ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەوانەش نزیکەی 15 هەزار کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی دیکەی وەک ڤیزەی گەشتیاری، چوونەتە سعودیە بۆ حەجکردن.
"ئاگاداری کۆمپانیاکانمان کردبوو کە جگە لەو کەسانەی بە فەرمی حەج دەکەن، خەڵکی دیکە بە رێگەی جۆراوجۆر نەبەنە حەج. لە رێگەی داواکاری گشتی، وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانی کە مۆڵەتی بە کۆمپانیاکان داوە، لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تووند لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت کە بەڵێنیان بە خەڵک دابوو لەوێ ئاسانکارییان بۆ بکەن، بەڵام وەک پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە؛ بۆیە پێویستە رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمە دووبارە نەبێتەوە" پشتیوان سادق وای وت.
ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سعودیە، ئەم ساڵ 1301 حاجی لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و بەرزیی پلەی گەرما هۆکاری سەرەکیی بووە، هەروەها 83٪ـیان ئەو کەسانە بوون کە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە حەجکردن.