بەرەی گەل: ئەگەر سەرۆکی هەرێم توانای دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی نییە پێویستە کۆمسیۆن دیاریی بکات
پەرەگراف
بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ڕەخنەی تووند لە نێچیرڤان بارزانی دەگرێت لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و بە "خەمسارد" ناوی دەبات و دەڵێت: ئەگەر سەرۆکی هەرێم، توانای ئەوەی نییە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و پێی وایە حیزبەکەی خۆی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە رێزی بڕیارەکانی ناگرن، پێویستە داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێی کۆنکرێتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئەو بەرپرسیارێتییە بسپێردرێ بە ئەوان.
بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، دواین وادەی هەڵبژاردن کە 10ی حوزەیران بوو "پاش شەڕێکی میدیایی پڕ سیناریۆ و شیعاربازیی نێوانیان بە رێکەوتنی حیزبیی پێشوەختە پارتی و یەکێتی ئەویشیان دواخست، سەرۆکی هەرێمیش لەو هەموو دواخستن و پەکخستنانەدا بۆ تەنها جارێکیش و بە دێڕێک روونکردنەوەی نەدایە خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانیان کە ئاخۆ هۆکاری ئەو دواخستنانە چییە و بۆچی ئەو وادانەی ئەو دیارییان دەکات لەبری پابەندبوون پێیانەوە بە سوکایەتیکردنەوە دوادەخرێن؟!".
"ئەو خەمساردییەی سەرۆکی هەرێم، پرسیاری گەورە لەسەر رۆڵ و ئەرکی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دروست دەکات، بەوەی ئایا رۆڵی ئەو دامەزراوەیە لە سەروەختی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا تەنها بووە بە دەرکردنی مەرسوم بێ ئەوەی پارتی و یەکێتی رێزی بگرن؟! یاخود سەرۆکی ئەو دامەزراوە گرنگە خۆی ئەو حاڵەتەی قبوڵە و بەشێکە لەو پرۆسەی بێبایەخکردنەکە، بەتایبەتی کە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی نایاسایی پەرلەمان و سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەڵبژاردنیش لەو درێژکردنەوە نایاساییەوە سەرچاوەیان گرت".
راگەیەندراوێك لە بەرەی گەلەوە
سەبارەت بە دیارینەکردنی وادەی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە، بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە:
وەک هەموولایەک ئاگادارن، سەرۆکی هەرێمی ماوەبەسەرچوو یەکەم مەرسومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ دەرکرد کە تیایدا رۆژی ١ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردبوو، لەو کاتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت، تا ئێستا سێ جاریتر کات و رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و هیچیان جێبەجێ نەکراون، کە دواجاریان ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، ئەوەبوو پاش شەڕێکی میدیایی پڕ سیناریۆ و شیعاربازیی نێوانیان بە رێکەوتنی حیزبیی پێشوەختە پارتی و یەکێتی ئەویشیان دواخست، سەرۆکی هەرێمیش لەو هەموو دواخستن و پەکخستنانەدا بۆ تەنها جارێکیش و بە دێڕێک روونکردنەوەی نەدایە خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانیان کە ئاخۆ هۆکاری ئەو دواخستنانە چییە و بۆچی ئەو وادانەی ئەو دیارییان دەکات لەبری پابەندبوون پێیانەوە بە سوکایەتیکردنەوە دوادەخرێن؟! بە مەرجێک کۆمسیۆن کە لایەنی جێبەجێکاری هەڵبژاردنە سەرجەم پێداویستییەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەکردبوو.
ئەو خەمساردییەی سەرۆکی هەرێم، پرسیاری گەورە لەسەر رۆڵ و ئەرکی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دروست دەکات، بەوەی ئایا رۆڵی ئەو دامەزراوەیە لە سەروەختی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا تەنها بووە بە دەرکردنی مەرسوم بێ ئەوەی پارتی و یەکێتی رێزی بگرن؟! یاخود سەرۆکی ئەو دامەزراوە گرنگە خۆی ئەو حاڵەتەی قبوڵە و بەشێکە لەو پرۆسەی بێبایەخکردنەکە، بەتایبەتی کە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی نایاسایی پەرلەمان و سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەڵبژاردنیش لەو درێژکردنەوە نایاساییەوە سەرچاوەیان گرت.
ئێمە بە ڕوونی رایدەگەیەنین ئەگەر سەرۆکی هەرێم، توانای ئەوەی نییە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و پێی وایە حیزبەکەی خۆی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە رێزی بڕیارەکانی ناگرن، پێویستە داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێی کۆنکرێتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئەو بەرپرسیارێتییە بسپێردرێ بە ئەوان.
وەک بەرەی گەل جارێکی تر رایدەگەیەنین خۆدزینەوەی زیاتری دەسەڵات لە هەڵبژاردن و حسابنەکردن بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و زەوتکرنی مافی دەنگدان، گورزی کاریگەرن لە دیموکراسی و زیانی گەورەن بەرامبەر پێگە و سەنگی ئەم هەرێمە لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە دەبێت لە نزیکترین کاتدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
بەرەی گەل.