پەرەگراف
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە بەرهەم و داهاتەكانی نەوت لە كێڵگەی شێخان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بڵاو كردەوە. كۆمپانیاكە لە باشترین حاڵەتدا یەك بەرمیل نەوتی بە 28 دۆلار لە بازاڕی ناوخۆدا فرۆشتووە، لە كاتێكدا نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا 85 دۆلارە. گۆڵف كیستۆن باسی كۆبوونەوەكەی بەغداد و مەرجەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "كۆمپانیاكان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خامی هەرێم بەرمیلی بە 30 دۆلار دەفرۆشن، 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ كۆمپانیا بیانییەكانە، 150 هەزار بەرمیلیشی بۆ حكومەتی هەرێمە، بەبێ ئەوەی یەك دیناری بگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی هەرێم".
بەهۆی بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، كۆمپانیا بیانییەكان كە بەپێی گرێبەستەكانیان پشكیان لە نەوتی هەرێمدا هەیە، ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمدا دەیفرۆشن.
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی كە یەكێكە لە كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتی هەرێم، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاوی كردەوە، لە "دوو ناوچەی بەرهەمهێنان" لە كێڵگەی نەوتی شێخان، ماوەی 520 ڕۆژە بە بەردەوامی لە حەوت ڕۆژی هەفتەدا نەوت بە تانەكەرەكان دەدات بۆ ساغكردنەوەی لە بازاڕی ناوخۆدا.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، كۆمپانیاكە لە ساڵی 2024دا تا 19ی حوزەیران، تێكڕای فرۆشتنی نەوتی بۆ هەر ڕۆژێك "38 هەزار 700 بەرمیل" بووە، كە زۆرینەی بە 27 دۆلار فرۆشراوە، بەڵام بەمدواییانە هەر بەرمیلێكی بۆ "28" دۆلار بەرز بووەتەوە.
كۆمپانیا بەریتانییەكە ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی داهاتی خۆی كردووە بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە بازاڕی ناوخۆ و كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، بە جۆرێك كە ئێستا خاوەنی "99 ملیۆن دۆلار نەختینە"یە.
لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی گۆڵف كیستۆن لە نێوان 45 بۆ 48 هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێكدا و دەڵێت "كۆمپانیا توانای هەیە لە فرۆشتنی ناوخۆییەوە بگەڕێتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت و پارەدان بە حكومەتی هەرێم".
كۆمپانیاكە پلانێكی داناوە بۆ پێدانی پارە بە خاوەنپشكەكان. لە ماوەی ڕابردوودا پێنج ملیۆن دۆلاری بە خاوەنی پشكەكان داوە، پلانی ئێستای پێدانی 15 ملیۆن دۆلارە بە خاوەنپشكەكان، كە بەنیازە لە 19ـی تەمووزەوە دەست بە جێبەجێكردین بكات.
ئەو كۆمپانیا بیانییەی نەوت لەگەڵ ئاماژەدا بەوەی كە "كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نادیارە"، بەڵام باسی لە بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق كردووە و دەڵێت "لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ئامادەین بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، بە مەرجی دڵنییایدان لەسەر پێدانی پارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتوودا و پێدانەوەی قەرزەكان و پاراستنی گرێبەستەكان وەكوو خۆی".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەو شێوەیە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بە "تاڵانفرۆشی" ناو دەبات و دەشڵێت "جگە لەوە، قافڵەی تانكەرە نەوتەكان لەسەر شەقام و ڕێگاوبانەكان، مەترسیی بەردەوامە لەسەر ژیانی شۆفێران و سەرنشینەكانیان".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "لە پاش پشووەكانی جەژن، كاری جیددی لەسەر ئەم دۆسێ (دۆسیەی نەوت) دەكەم".