تەرمی سێ‌ حاجیی دیكەی كورد دۆزرایەوە؛ عێراق: تەرمی حاجییان بە ‏كاتی لە سعودیە دەنێژرێن

21-06-2024 03:13

پەرەگراف

تا ئێستا 23 حاجیی كوردی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیان ‏لەدەست داوە و ئامارەكە ڕۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، ژمارەیەكی دیكەش ‏هێشتا چارەنووسیان نادیارە و وەزارەتی ئەوقاف سۆراغیان دەكات. بەهۆی ‏بەرزیی ژمارەی گیانلەدەستدان، عێراق دەڵێت "حاجییانی ‏كۆچكردوو بەشێوەیەكی كاتی لە سعودیە دەنێژرێن".‏

ئێوارەی ئەمڕۆ 21-6-2024، كاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی ‏هەرێمی كوردستان،  دۆزینەوەی تەرمی سێ‌ حاجیی دیكەی هەرێمی ڕاگەیاند و دەڵێت "ژمارەی حاجییانی كۆچكردووە گەیشتە 23 ‏كەس، لەو ژمارەیە 22یان بە ڤیزای ساڵی گەشتی حەجیان كردووە".‏

جگە لەو 23 حاجییە كە زۆرینەیان لە كێوی عەرەفە كۆچی دواییان ‏كردووە و ڕۆژانە تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە، ژمارەیەكی دیكەی حاجییان ‏هێشتا بێسەروشوێنن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتەبێژی حەج و عومرەی ‏هەرێم ڕایگەیاند "19 حاجیی هەرێمی كوردستان بێسەروشوێنن".‏

وەزارتی ئەوقاف لە ڕێگا فەرمییەكانەوە لە هەوڵی یەكلاكردنەوەی ‏چارەنووسی حاجییە بێسەروشوێنەكاندایە و زانیاریی ئەو كەسانەی لە ‏كەسوكاریان وەرگرتووە.‏

بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، 4685 ‏هاووڵاتیی هەرێم گەشتی حەجیان ئەنجام داوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش لە ‏ڕێگەی ڤیزای ساڵییەوە بەشدارییان لە پرۆسەكە كرد و بەوهۆیەوە تووشی ‏كێشە و لێپێچینەوە و دەستگیركردن دەبوونەوە.‏

كاروان ستوونی دەڵێت "ئەو كەسانەی بە ڤیزای یەك ساڵی چوونەتە ‏سعودیە، هیچ تیمێكی تەندروستییان لەگەڵدا نەبووە، لەبەر ئەوەی كۆدی ‏ئەو حاجییانەشمان لا نەبووە، پاش ونبوون لە سەرەتاوە چارەنووسیان ‏نەزانراوە".‏

بەپێی ئەو ئامارانەی لە میدیا جیهانییەكان بڵاو كراونەتەوە، تا ئێستا ‏زیاتر لە هەزار و 100 حاجی كۆچی دواییان كردووە، جگە لە ژمارەیەكی ‏دیكە كە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.‏

كونسوڵخانەی عێراق لە شاری جیددەی سعودیە دەڵێت "بەهۆی ڕێژەی ‏بەرزی گیانلەدەستدان لەنێو حاجییانی بەساڵاچوودا لە ئەنجامی بەرزیی ‏پلەی گەرما، پزیشكی دادی شاری مەككە دەرفەتی دەركردنی بەڵگەنامەی ‏مردنی بۆ حاجییان نییە، بۆیە ئەو حاجییانەی گیانیان لەدەست داوە، ‏بەشێوەیەكی كاتی بەخاك دەسپێردرێن و دواتر بەڵگەنامەی مردنیان بۆ ‏دەردەكرێت".‏

كونسوڵخانەی عێراق لە سعودییە ڕاشیگەیاندووە "دوای كۆتاییهاتی ‏مەڕاسیمەكانی حەج، ئەگەر كەسوكاری ئەو حاجییانە ویستیان لەسەر ‏بێت، دەتوانن تەرمی حاجییەكان بگێڕنەوە بۆ عێراق".‏

بەپێی ئاماری فەرمیی سعودیە، زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس ‏بەشدارییان لە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ كردووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش ‏بە ڤیزای دیكەی جگە لە ڤیزای حەج چوونەتە ئەو وڵاتە و حەجیان ‏ئەنجام داوە.‏