زانیاریی ورد دەربارەی بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكە؛ بە فەرمی پشتڕاست كرایەوە كۆچبەری عێراقی تێدا بووە
پەرەگراف
دوو بەلەمی كۆچبەران بە زیاتر لە 130 كۆچبەرەوە لە ئاوەكانی ئیتاڵیادا ژێرئاو كەوتوون، 62 كۆچبەر ڕزگار كراون و ئەوانی دیكە گیانیان لەدەست داوە و بێسەرشوێنن. كۆچبەرەكان خەڵكی شەش وڵاتن كە یەكێكیان عێراقە، ئەمە بەپێی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا.
كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان، باس لە بێسەروشوێنبوونی دەیان كۆچبەری كوردی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەكێك لەو بەلەمانە دەكات.
یەكێك لە بەلەمەكان كە دەگوترێت "زیاتر لە 30 كۆچبەری كورد"ـی تێدا بووە، پێنجشەممەی ڕابردوو لە بۆدروومی توركیاوە بەڕێ كەوتووە و درەنگانێكی شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە لە دووریی 200 كیلۆمەتر لە نیمچەدوورگەی كالابریا لە باشووری ئیتاڵیا ژێرئاو كەوتووە. دەربارەی ئەو بەلەمە، ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێن "ئاگری گرتووە و دواتر ژێرئاو كەوتووە".
هەرسێ ڕێكخراوی پەنابەران و كۆچ و سندووقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دەڵێن "لەو بەلەمەدا 75 كۆچبەر هەبوون، 11 كۆچبەر ڕزگار كراون و 64 كۆچبەر بێسەروشوێنن".
سەبارەت بە ناسنامەی كۆچبەرەكانیش، ڕێكخراوەكان ئاشكرایان كردووە كە "خەڵكی عێراق و ئێران و سووریان".
هەر لەبارەی ئەو بەلەمەوە، بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "61" كۆچبەر لەناو بەلەمەكەدا بوون، "12" كۆچبەر ڕزگار كروان كە دواتر كەسێكیان گیانی لەدەست داوە، 49 كۆچبەرەكەی دیكە بێسەروشوێنن و هەڵمەتی گەڕان بەدوایاندا لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە بەردەوامە.
بەكر عەلی وتیشی "زۆرینەی كۆچبەرەكانی ئەو یەختە خەڵكی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی كەم خەڵكی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدا بووە".
هەر دەربارەی ئەو بەلەمە، دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "زیاتر لە 60 كۆچبەری تێدا بووە و تەرمی 40 كۆچبەر دۆزراوەتەوە".
دەزگای لوتكە كە ڕێكخراوێكی كوردییە، دەشڵێت "بە تەواوی ژمارەی كۆچبەرانی ناو بەلەمەكە نەزانراوە و تا ئێستا ناسنامەی كۆچبەرەكان ئاشكرا نەكراوە".
بەلەمی دووەم لە نزیك دوورگەی لامپەدوسای ئیتاڵیا ژێرئاو كەوتووە. ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی بە ناوی (ResQship) بڵاوی كردەوە، "51" كۆچبەری ئەو بەلەمەی ڕزگار كردووە كە دوانیان بێهۆش بوون، هەروەها تەرمی "10" كۆچبەری دەرهێناوەتەوە.
دەربارەی ناسنامەی كۆچبەرانی بەلەمی دووەم، سێ ڕێكخراوەكەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێن "خەڵكی وڵاتانی سووریا، میسر، پاكستان و بەنگلادش بوون".
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە "23 هەزار و 500" كۆچبەر لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە و بێسەروشوێن بوون، كە 749 حاڵەتیان لەمساڵدا بووە.