ئەدهەم بارزانی: وەک قەوارەیەکی نوێ بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین ئەگەر بە رێکاڕە یاساییەکان ڕابگەین
پەرەگراف
ئەدهەم بارزانی ئاشکرای دەکات، ڕەنگە لە چەند رۆژی داھاتوودا وەك قەوارەیەكی نوێی سیاسی ئامادەیی خۆیان نیشان بدەن بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر بە رێكارە یاساییەكان ڕابگەن.
ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەو بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ماڵباتی بارزانی لە پارتی دورکەوتوەتەوەو ڕێگەی پێنادرێت سەردانی ماڵ و خێزان و کەسوکاری بکات و لە سلێمانی نیشتەجێیە.
ئەدهەم بارزانی نزیکە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و ڕۆژی 11-6-2024 تاڵەبانی سەردانی کرد لە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی.
"خۆبەدەستەوە نەدانی هەندێ لایەنی سیاسی لە پرۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردن كە بووەتە هۆكاری هەڕەشە بۆسەر هەرێمەكەمان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ڕەنگدانەوەی هەیە لە ناوخۆی عێراق و دەرەوە" ئەدهەم بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنەوە وادەڵێت.
دەشڵێت "وەك هەموان ئاگادارن باشوری كوردستان بە دۆخێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئاڵۆزی و گرفتەكان بەجۆرێكن، پێم وایە لە ئێستادا تەنها هەڵبژاردن و ڕۆڵی سەرەكی شەقام دەتوانێت گۆڕانكاری لەم سیستەمە حكومڕانیەدا بكات. ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەو چاوەڕێ دەكرێت ببێتە هۆكارێك كە گۆڕانكاری سەرەكی لەم دۆخە سیاسیە چەقبەستووەی وڵاتدا ڕووبدات".