ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشتی ئێران دەكەن، دەبێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان لە جۆری نوێ بێت
پەرەگراف
لەمەودوا ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی ئێران دەكەن، دەبێت تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانیان لە جۆری نوێ بێت. بڕیارەكە لەلایەن ئێرانەوە دراوە و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە جێبەجێ دەكرێت
بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە "ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ وڵاتی ئێران دەكەن، لە ڕێكەوتی 16-6-2024ـەوە دەبێت تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانیان لە تابۆ نوێیەكان بێت".
بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ جەخت دەكاتەوە كە چیتر "تابلۆ كۆنەكان لە دیوی ئێرانەوە كاریان بۆ ناكرێت و ڕێگەیان پێ نادرێت گەشتەكەیان ئەنجام بدەن".
"بۆیە داواكارین لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەند بن بە ڕێنماییەكانەوە. ئەم بڕیارەش لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دراوە"، بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ وا دەڵێت.
تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل كە زیاتر لە دوو ساڵە لە هەرێمی كوردستان خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق كراوە و لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.
یەكەم تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی 25-4-2022 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەك بەسترا. لە ئێستادا هەر شۆفێرێك كە خۆی خواستی لەسەر هەبێت، دەتوانێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی بگۆڕێت، هەروەها هەركات ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكەی بەسەر بچێت، ئەوكات بە ناچاری دەبێت لەگەڵ نوێكردنەوەی ساڵانە، تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەشی بگۆڕێت.
لە تابلۆ نوێیەكەدا ناوی شارەكان نامێنێت و لەبریی ئەوە كۆدێك دادەنرێت. تابلۆكە شێوەیەكی باریكی هەیە و لە ڕووی قەبارە لە تابلۆی پێشوو بچووكترە. كورتكراوەی ناوی عێراق و هەرێمی كوردستانی بە پیتی ئینگلیزی لەسەر نووسراوە.
تابلۆی تۆماری ئۆتۆمبێل بەم شێوەیەی خوارەوە تەرخان دەكرێت:
یەكەم: ئەو تابلۆیانەی كە ئێستا تەرخان كراون لە ژمارە (1 تا 99999) پێتی (A) بۆ ژمارەكە زیاد دەكرێت و هەمان ژمارەی خوی بۆ تەرخان دەكرێتەوە.
دووەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخان كراوە لە ژمارە (100000, 200000, 300000, 400000, 500000, 600000, 700000, 800000, 900000) دووبارە تابلۆیان بۆ تەرخان دەكرێتەوە و ژمارەی دووەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتێكی (M) بۆ زیاد دەكرێت.
سێیەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخان كراوە لە ژمارە (100001) تا دوایین ژمارە دووبارە تابلۆیان بۆ تەرخان دەكرێتەوە و ژمارەی دووەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتێكی بۆ زیاد دەكرێت بەپێی ئەم پیتانەی خوارەوە بەپێی ژمارەی دووەم كە لابراون .
0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L
چوارەم: ژمارەی سێیەم لە لایی چەپ لادەبرێت ئەگەر لابردنی ژمارەی دووەمی لایی چەپ ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی كە گشت ژمارەكانی تابلۆ وەك یەك لێ بێت (ژمارەی نایابی وەك یەك) و پیتێكی (M) بۆ زیاد دەكرێت.