سەرپەرشتیاری وەزیری دەرەوەی ئێران پاش بەغداد، سەردانی هەولێر و سلێمانیی كرد

14-06-2024 02:39

پەرەگراف

لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرۆكی هەرێم جەختی لە "هەبوونی پەیوەندییەكی باش" لەگەڵ ئێران كردووەتەوە و دەڵێت "ئێران دراوسێیەكی گرنگە". عەلی باقری پاش بەغداد و هەولێر، گەیشتە سلێمانی.

عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پاش كۆبوونەوەكانی لە بەغداد، سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. دواتر سەردانی سلێمانیی كرد و لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن قوباند تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێ‌ كرا.

لەبارەی كۆبوونەوەی باقری و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا، لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش كردەوە، هەروەها خواستی دوولایەنەیان بۆ برەوپێدانیان بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا".

"بەڕێز باقری، سوپاس و پێزانینی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، كە ئاسانكاری پێشكەش بە زیارەتكارانی ئێرانی دەكات كاتێك لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی مەزار و شوێنە پیرۆزە ئایینییەكان لە باشووری عێراق دەكەن"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

هەروەها نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم "سوپاسی یارمەتی و پشتگیریی ئێران"ـی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە و جەختی لە "هەبوونی پەیوەندییەكی باش"ـی نێوانیان كردەوە. هەروەها ئێرانی بە "وڵات و دراوسێیەكی گرنگ" لە قەڵەم داوە.

"دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئامادەی بوون"، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.