تورکیا چیای کێوەڕەش لە ڕانیە بۆردومان دەکات

14-06-2024 12:11

پەرەگراف

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانی تورکیا چەند جارێک بۆردوومانی زنجیرە چیای کێوەڕەشیان لە ناحیەی سەرکەپکان لە قەزای ڕانیە کرد.

کامەران عوسمان لە ڕێکخرای سی پی تی کە چاودێریی ناوچەکانی شەڕ دەکات، دەڵێت "بۆردوومانەکان، بۆسەر لوتکەی کوڕاشەڵ لە زنجیرەی چیای کێوەڕەش و بناری کێوەڕەش لە دەورووبەری گوندی پاشکۆتەڵ لە ناحیەی سەرکەپکان بوون".

"لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆدا، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی" کامەران وادەڵێت.

بەهۆی بۆردومان و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا "هەشت هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون" و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، بەڵام هیچ كام لە حكومەتەكانی هەرێم و عێراق هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانە نەبووە.

هەر بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە، بەپێی ئامارەکانی سی پی تی تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە و 12ی دیكەش بریندار بوون، لە ساڵی 2015ـیشەوە نزیكەی 150 هاووڵاتی كوژراون و زیاتر لە 230ـی دیكەش بریندار بوون.

تورکیا بە بەردەوامى بە پاساوى شەڕ دژى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بۆردومانى ناوچە جیاوازەکان لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا دەکات و لە بەشێک لەو بۆردومانانەدا هاووڵاتیانى مەدەنى دەکاتە ئامانج، بەڵام هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لەو پێشێلکارییانە بێدەنگن.