ئاگرى پاڵاوگەکەى هەولێر کۆنترۆڵ نەکراوە؛ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: ئەو پاڵاوگانە نایاسایین و مەرجی سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نییە
پەرەگراف
زیاتر لە 16 كاتژمێرە ئاگر لە پاڵاوگەیەكی سووتەمەنی لەسەر ڕێگای هەولێر – گوێڕ كەوتووەتەوە و نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت "ئەو پاڵاوگانە نایاسایین و هیچ مەرجێكی سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نییە".
لە شەوی ڕابردووەوە ئاگرێكی گەورە لە پاڵاوگەیەكی سووتەمەنی لەسەر ڕێگای هەولێر – گوێڕ كەوتووەتەوە، دەیان تیمی بەرگریی شارستانی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەدەن، بەڵام بەهۆی زۆریی سووتەمەنی لە پاڵاوگەكەدا ئاگرەكە و گەورەیی ئاگرەكە، تا كاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش هێشتا كۆنترۆڵ نەكراوە.
ئەمڕۆ 13-6-2024، لیژنەی چاودێریی پڕۆژە پیشەسازیەكانی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كردووە.
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت "ئاگرەکە بووەتە هۆی پیسكردنی بەرگە هەوا و ژینگەی شار بە گشتی. ئەم پاڵاوگانە نایاسایین و هیچ مەرجێكی سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نییە".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "لە هەرێم زیاتر لە ٣٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی و دەیان گۆڕەپانی تێكەڵاوكردنی بێ مۆڵەتی مەترسیداریی بەنزین و گاز هەیە، كە مەترسین بۆ سەر ژینگە و ژیانی هەموو خەڵك".
ئەو پاڵاوگە نەوتییانەی بە هۆكاری پیسبوونی ژینگە دادەنرێن، ساڵانێكە بوونەتە جێی مشتومڕی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیاری جیاوازیان بۆ دەركراوە، بەڵام هێشتا دانەخراون، سەرباری هۆشداریی بەردەوامی كاریگەرییە خراپەكانیان بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی خەڵك، لەبەر ئەوەی كەسانی دەستڕۆیشتووی حیزب و حكومەتیان لەپشتەوەیە.
لە مانگی 7ـی 2018، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بڕیاری گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی ئەو پاڵاوگانە دا، هەرچەندە بەشێكیان داخران، بەڵام بەشێكیان تا ئێستا هەر بە نایاسایی و بەبێ بوونی مەرجە تەندروستی و ژینگەییەكان كار دەكەن.
پەرەگراف چەند جارێك بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی پاڵاوگە نایاساییەكان كردووە، لە ساڵی 2019ـدا و لە كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكدا، سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ پەرەگراف وتی "هێزی ئەمنی و سەربازی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەكار دەهێنین، ئەوانەی كە ئامادە نین پاڵاوگەكان لاببەن، ئێمە بەهێز پێیان لادەبەین".
زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەونە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك. بەپێی بەدواداچوونێكی دیكەی پێشووی پەرەگراف، لە دهۆك 45 پاڵاوگەی نایاسایی هەن كە دەكەونە سنووری قەزای سیمێل و بەردەوامن لە كاركردن.