هێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی رێگرییانكرد لە چالاكییەک بۆ پارێزگاریكردن لە شاخی گۆیژە

13-06-2024 09:36
ساتی ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان لە چالاکییەکە.

پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ رێگرییانكرد لە چالاكییەك کە لە بناری شاخی گۆیژە ڕێکخرا بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە شاخەکەو داوای ڕاگرتنی ئەو پڕۆژانەی کە زیان بە شاخەکە دەگەیەنن.

ژمارەیەک لە چالاکان و ڕۆژنامەنووس و پارێزەرانی ژینگە لە بناری شاخەکەو نزیک ئەو شوێنەی کۆمپانیای قەیوان کاری تێدا دەکات گردبوونەوەو ویستیان وتارێک و چەند پارچە شیعرێکی شاعیرانی ناوداری سلێمانی بخوێننەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بەو چالاکییە مەدەنییە نەداو سەرەتا ڕێگرییان لە ڕووماڵی ڕۆژنامەنووسان کرد، پاشان دەستیان بەسەر ژمارەیەک مۆبایل و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیدا گرت و هەوڵیاندا بڵاوە بە ئامادەبووان بکەن و لەژێرفشاردا تەنها ڕێگەدرا وتارەکەیان بخوێننەوە.

دواتر چالاکان چوونە پارکی ئازادی لە سلێمانی و قسەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو ڕەخنەی تووندیان لەو ڕەفتارەی هێزە ئەمنییەکان گرت.

شوان محەمەد، رۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە ژینگە و زەوی سلێمانی دەڵێت "پێشبینیمان دەکرد حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان بێلایەن بن، پێشبینیمان نەکرد ئەوانیش ببن بە بەشێک لە کۆمپانیاکان، بەداخەوە جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماندەوە کە داکۆکیکەرن لە کۆمپانیاکان و ئەو شێوازەی گرتیانەبەر لە سوکایەتی، قسەپێگوتن، لێدان و مۆبایل لێسەندن هەمووی دەستدرێژییە بۆسەر یاساو پەڵەیەکە بە ناوچاوی خۆیانەوە تۆماریانکرد".

لەكاتێكدا شۆفڵ و حەفارەكان گردەكانی بناری گۆیژە زیاتر هەڵدەكۆڵن، دەنگی بەرەی ناڕەزایەتی بەرزتر دەبێتەوە و بەڕاست و چەپدا هەوڵدەدەن تەحەدای ئەو كۆمپانیایە بكەن، كە پشتی بە "رەزامەندی 14 لایەنی رەسمی" قایمە بۆ فراوانکردنی پڕۆژە نیشتەجێ بوونەکەی.

شەڕی گەرمی كۆمپانیا و بەرەی ناڕەزایی، لە كۆتاییەكانی ئایاری ئەمساڵەوە چڕبووەتەوە کە لەسەر شاخ و گردەكانی دیكەی زنجیرە شاخی گۆیژەیە لە باكوری شاری سلێمانی، یەكەمیان خەریكی هەڵكۆڵین و بڕینی شاخ و گردەی سروشتییە بۆ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبون و لە بەرانبەردا، لایەنی دوەم دەیەوێت پڕۆژەكە رابگرێت.

پڕۆژەی نیشتەجێبونەکە، كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات و لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكانەوە، بە رەسمی ریكلامیشی بۆ دەكات.

"ئەو کارەی کۆمپانیای قەیوان و هاوشێوەکانی دەیکەن، دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لەسەر شاخ و بناری گۆیژە، بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، نایاساییە" مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بۆ پەرەگراف وای وت.

بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008 بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، نابێت زەوی کشتوکاڵی، لەوەڕگا و دارستان، یاخود شوێنی زیندەوەرە هەمەچەشنەکان تێکبدرێن و بکرێن بە پڕۆژە.

ناڕەزاییەكان هێندە فراوان بووە، تەنیا لە كارەكانی قەیوان-ـدا نەماوەتەوە، داوادەكەن هەرچی كۆمپانیا و پڕۆژە هەیە ئەگەر بستێكیش چوونەتە ناو سروشتی شاخ و گردەكانی گۆیژە و ئەزمڕ-ـیان بەكارهێناوە، لێیان بسەنرێتەوە و دەستدرێژییەكە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەو پرۆژانەی لە باكوری خۆرهەڵاتی سلێمانی بەرەو باكوری خۆرئاوای شار بنیاتنراون.

پڕۆژەکەی قەیوان، دەكەوێت پشتی بەرزاییەكانی سلێمانی، لە سەر دوو گردەیە لەو زنجیرە گردەیەی درێژكراوەی گۆیژەیە، یەكێكیان لە دەستە راستی رێگای هەواری شار بەرەو تونێلی پێشڕەوە و ئەویتر دەكەوێت ئەو گردانەی دەكەونە دەستەچەپی رێگای دەباشان بەرەو تونێلەكە، روبەری هەردوو زەوی پرۆژەكە 470 دۆنمە.

شاباز سدیق، بەڕێوبەری پڕۆژەکانی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بۆ پەرەگراف وتی "پڕۆژەکە تەواوکەری بەرزاییەکانی سلێمانییە و رەزامەندی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەیە کە 14 لایەنی رەسمییە".