ڕێکخراوی پەی: دەستەی سەرۆكایەتی، خانوو و ئۆتۆمبێلی پەرلەمانیان بە نایاسایی بەكار هێناوە

12-06-2024 06:50

پەرەگراف

دامەزراوەی پەی دەڵێت، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ساڵ و نیوێکە خانوو، فەرمانبەر و ئۆتۆمبێلەکانی پەرلەمانیان بە نایاسایی بەکار هێناوە. جێگر و سکرتێر ماوەی دوو هەفتەیە ئەوەی لایان بووە ڕادەستیان کردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان هێشتا ڕادەستی نەکردووەتەوە.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە ڕێکخراوێکی ناحکومییەو چاودێریی کارەکانی پەرلەمان دەکات، دەڵێت "ساڵێك و شەش مانگە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە نادەستووری هەژمار كراوە و هەرێم كەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە، نە پەرلەمانتار و نە سەرۆكایەتیی ئەم خولە هیچ كامیان لە ئەركدا نەماون".

ڕێکخراوەکە دەشڵێت "لە ماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا دەستەی سەرۆكایەتی، فەرمانبەران و خانووەكانی پەرلەمان و ئۆتۆمبێلەكانیان بەكار هێناوە، كە ئەمەش نایاساییە و بەكارهێنانی پێگەكەیانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان".

پەی ڕایگەیاند "لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەریەك لە مونا قاوەچی، سكرتێری پەرلەمان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هەموو ئەو مومتەلەكاتانەی لایان بوو ڕادەستی سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمانیان كردەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ڕێواز فایەقی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان، ئۆتۆمبێل و خانووی پەرلەمانی ڕادەست نەكردووەتەوە".