قائیمقامی چەمچەماڵ: بە هاوارمانەوە بێن، چەمچەماڵ خەریكە دەخنكێت

12-06-2024 09:04

پەرەگراف

قائیمقامی چەمچەماڵ بەهۆی كەمئاویی قەزاكەی "هاوار"ـی لێ‌ هەستاوە و دەڵێت "چەمچەماڵ خەریكە دەخنكێت". ڕەمك ڕەمەزان ڕایدەگەیەنێت "نزیكەی ١٠٠ نوسراومان (بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاوی) ئاراستەی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە لە ژمارەی نووسراوەكانمان زیاترە".

لە پەیامێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و دارایی و پارێزگای سلێمانی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە، ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، دەڵێت "لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال، كە زیاتر لە ٧ هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالكراوانی تێدایە، كە دانیشتوانی مەركەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەكیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتییە، وا ١٢ ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكان نەدراوە".

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ساڵی ٢٠١٧ وە تا ١٠ /٦ /٢٠٢٤، نزیكەی ١٠٠ نووسراو و بروسكەیان ئاراستەی (سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكایەتیی حكومەت، هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی، هەموو لایەنە سیاسییەكان) كردووە، لەسەر ئاستی عێراقیش بۆ (سەرۆكی كۆمار، ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمانی عێراق ، وەزارەتی پلاندانان ... هتد) كردووە، ئەمە جگە لە ئاگاداركردنەوەی هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافی مرۆڤ، "بەڵام تا ئێستا كێشەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە".

ڕەمك ڕەمەزان هۆشداری لەبارەی ئەگەری "سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێئاوییەوە" لە (چەمچەماڵ، شۆڕش و تەكیە) دەدات، چونكە وەكوو خۆی دەڵێت "پێدانی ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ڕۆژ و مانەوەی ئەو ئاوە لە ٤٥ پلەی گەرمی ناو تانكییەكاندا، بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان نەخۆشی".

"تكایە هیمەتێك بكەن و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جێبەجێ بكەن، كە لە ١٢/ ٤/ ٢٠٢٢ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە فەرمانی جێبەجێكردنی هەیە"، ڕەمك ڕەمەزان وا دەڵێت.
قائیمقامی چەمچەماڵ بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاوی ژمارەیەك پێشنیار دەخاتە ڕوو:

لە ئێستادا كێشەكە چییە و چارەسەری چۆن دەكرێت؟

+ كێشەكە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوەیە بۆ قەزای چەمچەماڵ چونكە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووكان سلێمانی ئەگەر كەمتر لە ٤٠ هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت ئەم كێشەیە بەردەوام دەبێت.

+ پرۆژەی ئاوی ماس كە ڕۆژانە ١٠ هەزار مەتر سێجا بە قەزای چەمچەماڵ دەدرا لە ئێستادا بەهۆی پێداویستی كۆمپانیاكانی خۆیانەوە زۆر كەمكراوەتەوە و ئاو بۆ چەمچەماڵ نایەت.

چارەسەر:

+ چارەسەری بنەڕەتی ئەم كێشەیە تەنها بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەبێت.

+ چارەسەری كاتیش زیادكردنی ئاوی چەمچەماڵە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووكان- سلێمانی بەشێوەیەك كەمتر نەبێت لە ٤٠هەزار مەتر سێ جا ئاو لە ڕۆژێكدا.

+ دەست بەجێ بەشە ئاوی كۆمپانیای ماس بەڕێز (احمد اسماعیل)بنێردرێت كە ڕێكەوتنی لەسەر كراوە لەساڵانی پێشوودا .