پەرەگراف
بە فەرمانێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لویس ساكۆ بە پارتریاكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان دانرایەوە، ئەمەش پاش ئەوەی كە ناوبراو ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی مەرسوومێكی سەرۆككۆماری عێراقەوە لەو پێگەیەی دوورخرابووەوە.
بە فەرمانی دیوانیی ژمارە (42228) كە واژووی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی لەسەرە و لە ڕۆژی 5-6-2024 دەرچووە، فەرمانی ناساندنی كاردیناڵ لویس ڕافایل ساكۆ، وەك پارتریاكی كلدانەكانی عێراق و جیهان، دەرچووە.
فەرمانەكە پاڵپشت بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی یەكەمی سیستەمی سەرپەرشتیی پێكهاتە ئایینییەكان ژمارە (32)ی ساڵی 1981 و پاڵپشت بە فەرمانی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە (30ـی نیسانی 2013)، دەركراوە.
ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا فەرمانەكەی سوودانی درا بە لویس ساكۆ، كە تێیدا سەرۆكوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی سەرپەرشتیكردنی كەنیسەی كلدانەكانی بۆ ناوبراو گەڕاندووەتەوە، ئاماژەی بەوەش كردووە كە پێشتریش ئەو دەسەڵاتەی هەبووە، هەروەها هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پابەند كردووە كە پەیوەست بن بە فەرمانەكەوە.
ڕۆژی 3-7-2023 مەرسوومێكی كۆماری لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاو كرایەوە، كە تێیدا بڕیاری كشاندنەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی ڕاگەیەندراوە، بەو هۆیەوە پلەی پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان لە كاردیناڵ لویس ڕافایل ساكۆ سەندرایەوە.
دواتر نووسینگەی سەرۆككۆماری عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "پێشتر دوو مەرسوومی كۆماری بۆ دوو كەسایەتیی ئایینی دەركراون، بەڵام بۆیان نوێ نەكراوەتەوە، چونكە هیچ بنەمایەكی دەستوورییان نەبووە، وەك چۆن هیچ مەرسوومێكی كۆماری نییە بۆ دامەزراندنیان، چونكە مەرسوومی كۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆكایەتی و وەزارەتەكان و ئۆرگانە حكومییەكان دەردەچێت".
نووسینگەی سەرۆككۆماری عێراق جەختی كردەوە كە "كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆكایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ ناگەیەنێت، چونكە ئەو لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و كەنیسەی كاسۆلیكییەوە پلەی پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهانی پێ دراوە."