مونا قەهوەچی: سەرەڕای نیگەرانیەکانمان، ناوی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد

10-06-2024 02:56

پەرەگراف

مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕایگەیاند، سەڕەرای نیگەرانییەکانیان، وەک نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد.

"پشتیوان بەخوای گەورە و سەرجەم هاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە، سەرکەوتوو دەبین لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیانمان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان" قەهوەچی وادەڵێت.

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان گەڕاندەوە، بڕیاریاندا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە بکەن کە بە چوار بازنە ئەنجام دەدرێت، پەرلەمانی کوردستانیش وەكوو ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە ‏‏لە "100 كورسی" پێك دێت بە کورسیی پێکهاتەکانیشەوەو دابەشکراون بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.‏

كورسیی پێكهاتەكان بەپێی پێشنیارێكی دەستەی یاسایی كۆمیسیۆن بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر ‏چوار بازنەی هەڵبژاردندا جێگیر كراوەو كورسییەكان بەم جۆرە دابەش ‏كراون (پارێزگای هەولێر: 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی).‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوەو دواین وادە 10-6-2024 دیاریکرا بەڵام لەو ڕۆژەشدا ناکرێت و بۆ چوارەم جار دوادەخرێت، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) بەڵام لەو دوو ڕێکەوتەشدا نەکرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.