بافڵ تاڵەبانی: دەچینە هەڵبژاردنەوە بە هیواوە بەرەو گۆڕانکاریی

08-06-2024 03:20

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی دەچێتە هەڵبژاردنەوە بەهیواوە بەرەو گۆڕانكاری لە حوكمڕانی و گەیشتن بە داهاتوویەكی گەشتر و دادپەروەرانەتر هەنگاو دەنێت.

سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ میران محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەی، باسی ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن و ئەركە حزبی و رێكخراوەییەكانی کردووە.

"یەكێتی پشتبەستوو بە خەڵكە دڵسۆزەكەی و پابەند بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، دەچێتە هەڵبژاردنەوە و بەهیواوە بەرەو گۆڕانكاری لە حوكمڕانی و گەیشتن بە داهاتوویەكی گەشتر و دادپەروەرانەتر هەنگاو دەنێت، بۆ ئەمەش پێویستە سەرجەم ناوەند و ئۆرگانەكان لەو چوارچێوەیەدا هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەمڕۆ دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیی و حزب و کاندیدی پێکهاتەکان و کاندیدی تاکەکەسیی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوەو تا 13ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هێشتا سەرۆکی هەرێم وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریی نەکردووە، کۆمسیۆن پێشنیار دەکات لە 5-9-2024 پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان و سیستەمی چوار بازنەیی جێگیر ‏كردووە، پەرلەمانی کوردستانیش وەكوو ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە ‏‏لە "100 كورسی" پێك دێت.‏

كورسیی پێكهاتەكان بەپێی پێشنیارێكی دەستەی یاسایی كۆمیسیۆن بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر ‏چوار بازنەی هەڵبژاردندا جێگیر كراوەو كورسییەكان بەم جۆرە دابەش ‏كراون (پارێزگای هەولێر: 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی).‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوەو دواین وادە 10-6-2024 دیاریکرا بەڵام لەو ڕۆژەشدا ناکرێت و بۆ چوارەم جار دوادەخرێت، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) بەڵام لەو دوو ڕێکەوتەشدا نەکرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.