پەرەگراف
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ڕێككەوتووین بۆ ئەوەی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بنێرین". دەشڵێت "ئەگەر ناوەكان ئەمڕۆ نەڕۆیشتبێت، سبەینێ دەگات".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كاتی كردنەوەی پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری لە سلێمانی، سەبارەت بە دۆسیەكانی مووچە، نەوت و هەڵبژاردن بۆ میدیاكان دوا.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج وتی "بەشێك لە مووچە گەیشتووە و لە ماوەیەكی زوودا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
بڕیارە سبەینێ شاندی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بچنە بەغداد و لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆببنەوە. قوباد تاڵەبانی دەڵێت "كەی حكومەتی فیدراڵی و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕێككەوتن لەسەر ئەو چوارچێوەی كە پێویستە بۆ هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی نەوت، ئەوكاتە لەمپەرەكانی بەردەم هەناردەكرنی نەوت نامێنن".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ئێستا و ئایندەدا دەورێكی گرنگی لە ئیدارەدانی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت"
لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیی: لەگەڵ پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردن كۆدەبنەوە؟ قوباد تاڵەبانی كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، وتی "هیچ پێویست ناكات لەسەر هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی كۆببینەوە. بۆچی كۆببینەوە؟ كەیفی خۆیانە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن یان بەشدار نابن".
"ئێمە وتوومانە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و چاوەڕێی سەرۆكی هەرێم دەكەین ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردنەكە دیاری بكات"، قوباد تاڵەبانی وا وت.