تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا شەش مانگی دیکە درێژکردەوە
پەرەگراف
تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.
هەندرێن هیوا موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی تا ٧-١٢-٢٠٢٤ درێژکردەوە.
تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ٣-٧-٢٠٢٣بوو، بەڵام دواتر دوو جار و هەرجارەی شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە تا ٢٢-٦-٢٠٢٤، ئەمڕۆش شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکان هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".
بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".
بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.
چوار ڕۆژ دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە ٧-٤-٢٠٢٣دا ھێرشێکی ئاسمانیی کرایەسەر نزیک فڕۆکەخانە کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.