دەرگای تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە

06-06-2024 11:00

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیی و حزب و کاندیدی پێکهاتەکان و کاندیدی تاکەکەسیی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە لە 8 تا 13ی ئەم مانگە خۆتۆمارکردن بەردەوام دەبێت.

 

هێشتا سەرۆکی هەرێم وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریی نەکردووە، کۆمسیۆن پێشنیار دەکات لە 5-9-2024 پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان و سیستەمی چوار بازنەیی جێگیر ‏كردووە، پەرلەمانی کوردستانیش وەكوو ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە ‏‏لە "100 كورسی" پێك دێت.‏

كورسیی پێكهاتەكان بەپێی پێشنیارێكی دەستەی یاسایی كۆمیسیۆن بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر ‏چوار بازنەی هەڵبژاردندا جێگیر كراوەو كورسییەكان بەم جۆرە دابەش ‏كراون (پارێزگای هەولێر: 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی).‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوەو دواین وادە 10-6-2024 دیاریکرا بەڵام لەو ڕۆژەشدا ناکرێت و بۆ چوارەم جار دوادەخرێت، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) بەڵام لەو دوو ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.