شاندێكی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان سەردانی بەغدا دەكەن

05-06-2024 02:39

پەرەگراف

شاندی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەسەر بانگهێشتەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكە "سەرەتای هەفتەی داهاتوو" ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی "گفتوگۆكردن و دانانی میكانیزمی چارەسەرە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم".

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتەكانی دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە. حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "كۆبوونەوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕێنمایی شاندی دانوستانكاری كردووە كە لە گفتوگۆكاندا هەرچی زووتر بگەن بە ڕێكەوتننامەیەكی "گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور" بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە "ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەكەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتیی (حکومەتى فیدراڵى)".

حكومەتی هەرێم جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە لە ڕێككەوتنەكاندا "تایبەتمەندیی دەسەڵاتەكانی هەرێم" بەپێی دەستوور لەبەرچاو بگیرێت، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێككەوتن.