لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق كرا

04-06-2024 03:36

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجی بۆ بەغداد نارد و ‏چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ خەرجكردنی مووچەی وەزارەتەكانی عێراق، مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش خەرج بكرێت، بەڵام هێشتا كێشەی مووچەی هێزە ‏ئەمنییەكان چارەسەر نەكراوە.‏

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە (٤ـی ‏حوزەیرانی ٢٠٢٤)، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی ‏كوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرا".‏

ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران، لە كاتێكدایە كە تا ئێستا وەزارەتی ‏دارایی عێراق مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی خەرج ‏نەكردووە.‏

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكاری نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان ‏ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت پەیوەندیی بە "تەواونەبوونی وردبینی و تێبینی لەسەر ‏لیستی مووچەكانیانەوە هەیە".‏

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ سەردانی ‏وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی كردووە و دەڵێت "تایبەت بە هۆكاری دواكەوتنی مووچەی (مانگی ‏نیسانی) ‏هێزە ئەمنییەكان، پەیوەندیی هەیە بە تەواونەبوونی وردبینی لە دیوانی چاودێری ‏دارایی فیدڕاڵی و ئەو ‏تێبینییانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی ‏مووچەكانیان".‏

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بە پەرگرافی ڕاگەیاند "وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی ناوی ‏هێزە چەكدارەكانی ڕادەستی بەغداد نەكردووە و ئەوەی نێردراوە تەنیا كۆدە، ئەوەش ‏هۆكاری دواخستنی ناردنی مووچەكانیانە".‏

چاوەڕوان دەكرێت بەر لە جەژنی قوربان، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی ‏مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جگە لە هێزە ئەمنییەكان خەرج بكات و دابەش بكرێت. ‏بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنن كە سەبارەت بە كێشەی مووچەی هێزە ‏ئەمنییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەسەر خەتن.‏