پەرەگراف
ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەركرد. بەپێی بڕیارەكان پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان و سیستەمی چوار بازنەیی جێگیر كراون، پەرلەمانیش وەكوو ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە لە "100 كورسی" پێك دێت.
جێگیركردنی پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان كە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانە، لە كاتێكدایە كە پێكهاتەی توركمان داوای زیادكردنی كورسییەكانی كردبوو، بە تایبەت زیادكردنی كورسییەك بۆ توركمان لە هەولێر، بەڵام داواكارییەكە ڕەت كراوەتەوە.
ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوێنێ 3-6-2024 لەبارەی پێشنیازی لیژنەی یاسایی كۆمیسیۆن سەبارەت بە دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە و بڕیاری كۆتایی داوە.
بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 100 كورسی پێك دێت، وەكوو ئەوەی كە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە دا و 11 كورسیی پێكهاتەكانی بە "نادەستووری" دانا.
سەبارەت بە پێكهاتەكانیش، كۆمیسیۆن بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی جێگیر كرد بە تەرخانكردنی پێنج كورسی لە 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەكان.
كورسیی پێكهاتەكان بەپێی پێشنیارێكی دەستەی یاسایی كۆمیسیۆن بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنددا جێگیر كرا و كورسییەكان بەم جۆرە دابەش كراون (پارێزگای هەولێر: 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی).
