پەرەگراف
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، هێرش دەکاتەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت دەڵێت "بوونەتە وتەبێژی مووچە بڕان".
وتەبێژی حکومەت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی پەسەندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، تێیدا دەڵێت "ئێستا کەخەریکە هەوڵ و کۆبونەوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەگەنە ئەنجام و مافە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە یاسا جێگیر دەکرێن و بەڕێز سەرۆک وەزیران هەوڵیداوە موچە و بودجە لەبابەتەکانی دیکە جیا بکرێنەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بونەتە وتەبێژی موچەبڕان و میدیاکانی موچەبڕانی ناوخۆ بێ ئارام و پەرێشان خەریکی دژایەتی و پڕوپاگەندە و هەواڵی پڕ کینەن دژ بە حکومەت و دەرئەنجامی هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران".
"بەڵام خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی مافەکانی خەڵک لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بەردەوام دەبن و بە ئەمانەتەوە بەرگرییان لێدەکرێت و ئەوەشی لەبەرەی موچە بڕانە وەک هەموو جارێک بێهیوا دەکرێت،با بەڕێز سەرۆک وەزیران موچە وەرگربێت و ئێوەش هەر موچە بڕ" پێشەوا هەورامانی وادەڵێت.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی پەسندکرد، پشکی هەرێمی کوردستان 20.9 ترلیۆن دینارەو مانگانە 965 ملیار بۆ مووچەی هەرێم دیاریکراوە.
ناردنی مووچەی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بەبانکیکردن(تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، ئەوەش بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاترە.