پەرەگراف
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە خەرجنەكردنی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، پەیوەندیی بە "تەواونەبوونی وردبینی لە چاودێریی دارایی و تێبینیی وەزارەتی دارایی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەكانیان هەیە".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٦/٣، هەردوو پەرلەمانتار د. نەرمین مەعرووف و د. خەلیل غازی، ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیان كردووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێكی دارایی پەیوەست بە پشك و شایستە داراییەكانی هەرێم.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی د. نەرمین مەعرووف دەڵێت "تایبەت بە هۆكاری دواكەوتنی مووچەی (مانگی نیسانی) هێزە ئەمنییەكان، پەیوەندیی هەیە بە تەواونەبوونی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و ئەو تێبینییانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەكانیان".
هەرچەندە لە عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش كراوە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكانی هەرێم دابەش نەكراوە و لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانیش ڕەوانەی بەغداد نەكراوە.