نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەكان لێكتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
پەرەگراف
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لێكتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان". جەختیش دەكاتەوە كە "بە پەرۆشەوە لە سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان دەڕوانن، بەتایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و خەڵكەوە هەیە".
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێكدا لە كاتی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی گەڕی شەشەمی خوێندكارانی زانكۆی ئەمریكیی كوردستان لە دهۆك، سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی فیدارڵی عێراق و سەركردە و لایەنە عێراقییەكانی كرد بۆ ڕۆڵیان لە چارەسەری كێشەكان.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی "ئێمە دووپات لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا دەكەینەوە، خۆشحاڵم بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، هیوای چارەسەری یەكجارەكیی هەموو كێشەكان دەخوازم، هەر ئەوەش خزمەتی تەواوەتی بە عێراق دەكات بە هەرێمی كوردستانیشەوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیشی كردەوە كە "هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی لە ناوچەكە دەمێنێتەوە".