پارتی: بەو گۆڕانکارییانەی ڕوویانداوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین

02-06-2024 11:14

پەرەگراف

بەرپرسی لقی چواری پارتی ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و بەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.

ئاری هەرسین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، وەکو پارتی هەموو کات ئامادەی هەڵبژاردن بوون و لیستیان ئامادەبووە، بەڵام تێبینییان هەبووە لەسەر ئالییەتەکانی هەڵبژاردن.

هەرلەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی یەکێتی لە سلێمانی وتی، دەبێت هەوڵ بدرێت بە زووترین کات وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

"بەردەوام لەسەر ئەو بۆچوونە بووین هەوڵ بدەین بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ئێستا چاوەڕێین سەرۆکی هەرێم بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن راوێژ لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بکات. لە رێگەی یاساییەوە ئەوان ئەرکدارن بۆ ئەم بابەتە" زیاد جەبار وای وت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەفتەی ڕابردوو لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، داوای دیاریکردنی ڕۆژێکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و پێشنیار دەکات ٥-٩-٢٠٢٤ دیاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.

کۆمسیۆن لە نووسراوەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات بەهۆی فەرمانە سالارییەکەی دادگای فیدراڵی کە لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دەریکرد، کارەکانی کۆمسیۆن ڕاگیران و پێویستە بە فەرمانێکی هەرێمیی ڕۆژێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاری بکرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەوەش دەخاتەڕوو، ماوەی خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن بواری درێژکردنەوەی تێدا نییە.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەش دەكاتەوە.

ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بڕیاری دا بە تەرخانكردنی پێنج كورسیی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەكان، دوای ئەو بڕیارەش دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی مەسروور بارزانیی لەسەر كۆمیسیۆن ڕەت كردەوە و بڕیارە سالارییەكەی خۆی بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی كۆمیسیۆن هەڵوەشاندەوە.

داواكاریی دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا پارتی دیموكرات لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە زنجیرەیەك دانوستانی ناوخۆیی و دەرەكیی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەو شێوەیەش توانیی لایەنە عێراقییەكان بە بەشێك لە داواكارییەكانی ڕازی بكات، هەرچەندە گۆڕانكارییەكان بە تەواوی بەدڵی پارتی نەبوون.

پارتی دیموكرات داوای گەڕاندنەوەی 11 كورسیی پێكهاتەكانی دەكرد كە بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی لابران، بەڵام تەنیا پێنج كورسیی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان گەڕێندرایەوە، ئەویش لەسەر حیسابی 100 كورسییەكەی پەرلەمان و پێنج کورسییەکەش بەسەر سێ‌ پارێزگای هەرێمدا دابەش دەکرێن.

داواكارییەكی دیكەی پارتی كە لە سكاڵاكەی مەسروور بارزانی دژی كۆمیسیۆن هاتبوو، دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو لەسەر بنەمانی دانیشتوان، كە كۆمیسیۆن كورسییەكانی لەسەر بنەمای دەنگدەران دابەش كردبوو، بەڵام ئەو داواكارییەی پارتی ڕەت كرایەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوەو ئەمە دەبێتە چوارەمین جار، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) بەڵام لەو دوو ڕێکەوتەشدا نەکراو دواین جار نێچیرڤان بارزانی ١٠-٦-٢٠٢٤ی دیاریکرد، بەڵام لەو ڕۆژەشدا ناکرێت و جارێکی دیکە وادەیەکی نوێ دیاری دەکات.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.