سوودانی: حكومەتی ھەرێم بە ھەمواركردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت ڕازی بووە

01-06-2024 01:46

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق جەخت لە چارەسەركردنی كێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "پێشنیارمان كردووە كە یاسای بوودجە ھەموار بكرێتەوە، یان گرێبەستی كۆمپانیاكان ھەموار بكرێنەوە".

محەمەد شیاع سوودانی دەشڵێت "حكومەتی ھەرێم بە ھەمواركردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت ڕازی بووە، بەڵام كۆمپانیاكان ڕەتیان كردووەتەوە".

ئەم قسانەی سوودانی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی هاتووە، كە ڕەنگە مێژووی ئەنجامدانی بۆ بەر لە دوایین ڕاگەیەندراوی كۆمپانیا نەوتییەكان بگەڕێتەوە، بەوپێیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) بۆ یەكەم جار لە ڕاگەیەنداوێكدا ئامادەیی بۆ هەمواركردنەوە و گۆڕانكاری لە گرێبەستە نەوتییەكان نیشان دا.

لەو گفتوگۆیەدا سوودانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە "پابەندبوونێكی یاسایی" دەبەستێتەوە و دەڵێت "لە یاسای بودجەدا تێكڕای تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێك نەوت لە ھەموو كێڵگەكاندا هەشت دۆلارە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، ٢٦ دۆلار ھەژمار دەكات".

سەرۆكوەزیرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "كۆمپانیاكان بەرھەمھێنانیان ڕاگرت و ڕاگرتنەكە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە نەبووە".

سوودانی ڕایشیدەگەیەنێت "پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەكی یاسایی بۆ ئەو كێشەیە لە چوارچێوەی مافەكانی عێراق و گەلەكەی".

"ڕاگرتنی بەھەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی كوردستان، بەلای كەمەوە لەدەستدانی سوودێكی چاوەڕوانكراوە كە دەتواندرێت پشتی پێ ببەستریت بۆ پلانەكانی گەشەپێدان لە پارێزگاكانی ھەرێم و پتەوتركردنی ئابووریی عێراق بە گشتی"، محەمەد شیاع سوودانی وا دەڵێت.

ڕۆژی 27-5-2024، بۆ یەكەم جار كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت پێك دێت، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئامادەیی نیشان دا بۆ گۆڕانكاری لە گرێبەستە نەوتییەكاندا، هاوكات داوای كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵیی بەپەلەی لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان كرد، لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

دواتریش وەزارەتی نەوتی عێراق، بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت كرد، بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە بەغداد و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بەرهەمهێنان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمیش لە وەڵامی بانگهێشتنامەكەدا ڕایگەیاند "ئامادەین هەفتەی داهاتوو (كە دەكاتە ئەم هەفتەیە) سەردانی بەغدا بكەین بەمەبەستی چارەسەری كێشەكە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی كردەوە كە "هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین كات كێشەكە چارەسەر بكرێت و نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان كردووە".

چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان حكومەتی هەرێم، حكومەتی عێراق و كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەهێنانی نەوتی هەرێم، لە بەغداد بەڕێوە بچێت و گفتوگۆ دەربارەی چۆنێتیی هەمواركرنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بكرێت، كە ساڵێك و زیاتر لە دوو مانگە ڕاگیراوە.