پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت یەکێتی پەلەیەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەنگەکانی زیاد دەکات و لە پارتی نزیک دەبێتەوەو دڵنیان کە دەنگی پارتی کەم دەکات.
سەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کە زمانحاڵی حیزبەکەیەتی، باس لە دۆخی یەکێتی و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن دەکات.
"من پێشبینی دەکەم لەم هەڵبژاردنە دەنگمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک دەبێتەوە، دەنگی پارتی دادەبەزێت دڵنیاتان دەکەمەوە، بەڵام ئامانجی من، بێ ئەملاو ئەولا، ئەوەیە کە یەکێتی ببێتە حزبی ژمارە یەکی کوردستان" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.
تاڵەبانی دەشڵێت "من پێموایە دواخستنی هەڵبژاردنەکە زۆر زۆر خراپ لەسەر ئەو حزبە کەوت(مەبەستی پارتییە)، بەڵام نەچووە بچێت، ئاساییە، ئەمە سویسرا نییە، کێشەی وا هەیە. پەیامی یەکێتی ئەوەیە ئێمە حەزمان لە هەڵبژاردنە، پەلەشمانە بۆ هەڵبژاردن، ئەنجامێکی زۆر زۆر باشیش دەهێنین لە هەڵبژاردنەکە، هەر رەنگە ئەوەش یەکێک بێت لە هۆکارەکان کە هەندێک لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخەن".
سەرۆکی یەکێتی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی پارتی دەگرێت بەتایبەت لە ڕووی ئازادیی سیاسی و ئازادیی بیروڕا، "بەداخەوە من هەستدەکەم لە زۆر بواردا نەک بۆ پێشەوە ناڕۆین، بەڵکو بۆ دواوە دەڕۆین، وەک ئازادیی نووسین، ئازادیی فیکر، ئازادیی ئایین، لەمانەدا بۆ دواوە دەڕۆین".
"من پرسیارێکم هەیە، دەبینین ئەو کریستیانانە لە عەنکاوە زۆربەیان بار دەکەن دەڕۆن، کە دەبێت ئەمە بەهەشت بێت بۆ کریستیانەکان لە عەنکاوە، چالاکوانێک قسە دەکات دەیگرن و دەیکەن بە تیرۆریست، ئەمە چۆن دەبێت وابێت؟ خەڵک رای خۆی دەڵێت قسە دەکات، هەڕەشەی لێدەکرێت، ناوێرێت خۆپیشاندان بکات دەترسێت دەڵێت دەردەکرێم لە کارەکەم! ئاخر ئەمە چۆن دەبێت؟ بۆیە ئێمە بۆ دواوە دەڕۆین، جاران جیاوازیمان هەبوو لەگەڵ عیراق، دەمانوت کوردستان وایە، دادگای وایە، حکومەتی وایە، بەڵام خەریکە هەموو ئەو شتانە لەدەستدەدەین" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.
لەگەڵ ئەو ڕەخنەنانەو خستنەڕووی جیاوازییان لەگەڵ پارتی، بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "خۆشبەختانە لەسەر چەند شتێک بیروڕامان وەک یەکە، وەك پاراستنی هەرێم، رێزگرتن لە خەڵکەکەمان، کوردستان بۆ پێشەوە ببەین، ئارامی و ئاسایش بۆ میللەتەکەمان دابین بکەین، لەم بابەتانەدا ئێمە یەکین".
سەرۆکی یەکێتی باس لە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەکات لە پەرلەمانی کوردستان کە ناکۆییەکی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی و هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنە، دەڵێت "هەندێک لایەن باسی ئەوەی کرد کە کێشەی کۆتامان هەیە، نەخێر کێشەی کۆتامان نییە، دوو چارەسەرمان هەیە بۆ کێشەی کۆتا، یەکێکیان ئەوەیە پێنج کۆتاکان دابنرێنەوە كە سیانی لە ناوچەی حزبێکی ترە و دووانی لەم ناوچەیەیە، ئەمە پێشنیازێک بوو، پێشنیازێکی تریش ئەوەبوو کە پێشنیازی خۆمە کە چۆن هەموو حزبێک ناچار دەکرێت کۆتای ژنانی هەبێت، با دیسان ناچاریش بکرێت کە هەموو حزبێک کۆتای پێکهاتەکانی تێدا بێت، هەردوو پێشنیازەکە هەیە، جا فەرموو ئەگەر ئەوە کێشەکەتانە وەرن با لەسەر ئەوە رێککەوین".
بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی تایبەتە بە ڕۆڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و پێیوایە یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنەو دەڵێت "لای ئێمە هەندێک جار هەندێک ئۆپۆزسیۆن هەردەبێت بەوەی کە خەڵک پێیان پێدەکەنێت «لەگەڵ رێزمدا، پێم خۆش نییە بێڕێزی بەرامبەر هیچ لایەنێک بکەم»، بەڵام پۆپۆلیستییانە كۆمەڵێك بەڵێن دەدرێت جێبەجێ ناکرێت، قسە دەکەن و ناتوانن جێبەجێی بکەن، ئەم شتانە باس دەکرێت و هیچ ناکرێت. خۆزگە ئۆپۆزسیۆنەکەمان رێکوپێکتربوونایە، ئێستا چەند لایەنێک دروستبوون وەک بیستوومە، قسەکانیان واقیعیترە، رێکوپێکترە، هەر بەزمانێکی جوان دەتوانن رەئی خۆیان بڵێن".
"کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە، نەک ئۆپۆزسیۆنێکی زمان ناشیرین و زمان زبر، ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەبێت چاودێری حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت، دەبێت لە پەرلەمان بتوانێت چاودێر بێت لەسەر ئەو حزبانەی لەناو حکومەتدان، بۆیە دەیڵێمەوە کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام خوازیارین ئۆپۆزسیۆنێک بێت خەڵک شانازیی پێوە بکات" سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.