وەزارەتی کارەبا بۆ وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات

30-05-2024 02:19

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد وەزیری کارەبا کۆبووەوەو بڕیاریدا لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکرێت.

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیار دراون، لەوانە؛ جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکاندا.

"تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرنامەی کارەبا و لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس زیاد دەکرێت و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین" وەزارەتی کارەبا وادەڵێت.

دەشڵێت "تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی. هەروەها بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان درا".