پەرەگراف
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى لە بەغداد لهگهڵ محهمهد شياع سوودانى سهرۆكوهزيرانى عێراق کۆبووهوەو مووچەو هەناردەکردنەوەی نەوت و چەند دۆسیەیەکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، له كۆبوونهوهكهدا گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاووتوێ کرا، "هەردوولا هاوڕابوون لهسەر پێویستیی بهردهوامبوونی گفتوگۆى بنياتنهرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".
هاوکات پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "چارەسەری ڕیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، موچەی نەهاتوی هێزە ئەمنییەکان و پرسی دوبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گەنمی جوتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەبن لەبەغدا".
"هەرێمی کوردستان نیەتی جدی و ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونی کابینەکەی لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین" هەورامانی وادەڵێت.
کۆبوونەوەکە لەمیانی سەردانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانییە بۆ بەغداد کە لە یەکەم وێستەگەدا لەلایەن قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق پێشوازیی لێکرا.
بەپێی کارنامەی سەردانەکەی، مەسرور بارزانى جگە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەو سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت، دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەربنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.