پەرەگراف
مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوەو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەتایبەت پرسی بودجەو مووچە تاوتوێ دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور. دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت".
بەپێی کارنامەی سەردانەکەی، مەسرور بارزانى جگە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەو سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت، دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەربنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.