بە سەرپەرشتی سوودانی لایەنەکانی کەرکوک ڕێککەوتن لەسەر دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا

29-05-2024 07:03
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سوودانی و لایەنەکانی کەرکوک

پەرەگراف

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لایەنەکانی کەرکوکی کرد و ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە لەسەر پۆستی پارێزگار، دوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردن تائێستا کۆنەبووەتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شەیاع سودانى بڵاویکردەوە، سوودانی سەرۆکایەتی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەو هێزە سیاسیانەی کرد کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک دەکەن و بەشێکن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبەرایەتی کەرکوک.

"لە کۆبوونەوەکەدا ئەو هەوڵ و ڕاوێژانە خرانەڕوو کە بۆ پەسەندکردنی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە گیراوەتەبەر لەگەڵ میکانیزمەکانی پێویست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بەپێی یاسا،  لەپێناو پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان لە کەرکوک بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخست" نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی وادەڵێت.

دەشڵێت "هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بنەماکانی بەڵگەنامەی سیاسی پەسەندکرا لەگەڵ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە هەندێک لەو تێبینییانەی کە وەرگیراون، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا لە ماوەی کاتێکی دیاریکراودا بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و پەسەندکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە سیاسییەکە".

هێشتا دیار نییە لایەنەکان چۆن ڕێککەوتوون لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی پۆستەکانی دیکە، بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.

پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، دوو کورسییەکەی تورکمان و یەک کورسییەکەی کۆتای مەسیحییەکان یەکلاکەرەوەن و بچنە پاڵ هەر کام لە کورد و عەرەب دەبنە زۆرینەی ئەنجومەنەکەو پۆستی پارێزگار دەبەنەوە.