وەزیری پێشووی کشتوکاڵ: ئەوەی بە شاخی گۆیژە دەکرێت تاوان و دەستدرێژیی ژینگەییە

29-05-2024 12:38

پەرەگراف

ناڕەزاییەکان لەبەرامبەر تێکدانی شاخی گۆیژە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەردەوامەو عەبدولستار مەجید، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، ئەوەی ڕوودەدات "تاوان و دەستدرێژیی ژینگەییەو پێچەوانەی یاسایە".

عەبدولستار مەجید ئەوە دەخاتەڕوو، بەپێی یاسای ژمارە ١٠ـی ساڵی ٢٠١٢ی پەرلەمانی کوردستان بۆ هیچ کەس نییە شاخ و دارستان و بەردەڵانەکان دەستکاریی بکات و سروشت و ڕەگەزیان بگۆڕێت بۆ شتی دیکە، "تەنها لە حاڵەتێکدا ڕێگەپێدراوە، کە ئەگەر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگ هەبێ کە سودی گشتیی تێدابێت. ئەوکاتەش حکومەتی خۆجێیی و وەزارەتەکان بۆیان نییە ئەو بڕیارە بدەن، بەڵکو دەبێت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لێبدرێت".

"ئەوەی ئێستا بە شاخی گۆیژە دەکرێت، ڕۆژێک دەسوتێندرێت ڕۆژێک شۆفڵ و حەفارەی تێ بەردەدرێ و بۆ شوقە و ڤێلای کۆمپانیاکان تەخت دەکرێت، تاوان و دەستدرێژیی ژینگەییە و پێچەوانەی یاسایە کە ئەگەر داواکاری گشتیی هەبوایە، دەبوو ئەنجامدەرانی ڕوبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی ببونایەتەوە!" ئەو وەزیرەی پێشووی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

بڕینی بەشێک لە شاخی گۆیژە لە سلێمانی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، چەند ڕۆژێکە ناڕەزایی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە.

کۆمپانیای قەیوان کە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، ڕوونکردنەوەی لەبارەوەداو ڕایگەیاند، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ڕێگاوبان ئەو زەوییانەی پێدراوەو دەخرێتەسەر پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی و دەکرێت بە شوقە.