جومانە غەلای بۆ پەرەگراف: ئەمڕۆ داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێم کرد کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات

28-05-2024 02:29

پەرەگراف

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پەرەگرافی وت، ئەمرۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆبووەتەوەو بە نووسراوێک داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

دەربارەی ئەوەی ئەوان هیچ کاتێکیان پێشنیار کردووە؟ وتەبێژەکەی کۆمسیۆن وتی، ئێمە هیچ کاتێکمان دیاری نەکردووەو چاوەڕێ دەکەین سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژەکە دیاری بکات.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەش دەكاتەوە.

ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بڕیاری دا بە تەرخانكردنی پێنج كورسیی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەكان، دوای ئەو بڕیارەش دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی مەسروور بارزانیی لەسەر كۆمیسیۆن ڕەت كردەوە و بڕیارە سالارییەكەی خۆی بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی كۆمیسیۆن هەڵوەشاندەوە.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى ئەلعێراقییە ڕایگەیاند "دوای ڕاگرتنی ڕێوشوێنە هونەریەكانی كۆمیسیۆن و سەرلەنوێ‌ دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان، پێویستە گۆڕانكاری لە وادەی هەڵبژاردن بكرێت و دووبارە كورسییەكان بەگوێرەی بڕیارەكەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان دابەش بكرێنەوە".

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ و ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن لەوبارەیەوە، عیماد جەمیل ئاماژەی بەوە كرد كە بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان و بڕیارە سالارییەكەی پێشووی دادگای فیدراڵی، كێشەی بۆ ڕێكارەكانی كۆمیسیۆن دروست كردووە، بۆیە ناتوانن بەر لە مانگی ئەیلوول هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و دەبێت هەڵبژاردن "لە مانگی ئەیلوول یان وادەیەكی دواتر ئەنجام بدرێت".

داواكاریی دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا پارتی دیموكرات لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە زنجیرەیەك دانوستانی ناوخۆیی و دەرەكیی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەو شێوەیەش توانیی لایەنە عێراقییەكان بە بەشێك لە داواكارییەكانی ڕازی بكات، هەرچەندە گۆڕانكارییەكان بە تەواوی بەدڵی پارتی نەبوون.

پارتی دیموكرات داوای گەڕاندنەوەی 11 كورسیی پێكهاتەكانی دەكرد كە بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی لابران، بەڵام تەنیا پێنج كورسیی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان گەڕێندرایەوە، ئەویش لەسەر حیسابی 100 كورسییەكەی پەرلەمان و پێنج کورسییەکەش بەسەر سێ‌ پارێزگای هەرێمدا دابەش دەکرێن.

داواكارییەكی دیكەی پارتی كە لە سكاڵاكەی مەسروور بارزانی دژی كۆمیسیۆن هاتبوو، دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو لەسەر بنەمانی دانیشتوان، كە كۆمیسیۆن كورسییەكانی لەسەر بنەمای دەنگدەران دابەش كردبوو، بەڵام ئەو داواكارییەی پارتی ڕەت كرایەوە.