پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی خستەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
"ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٧ بڕی ( ٨٥,١٩٩,٦٣٤) دینار (هەشتاو پێنج ملیار و سەدو نەوەدو نۆ ملیۆن و شەش سەدو سی وچوار هەزار دینار) لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، بەشێوەی نەختینە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، کە بریتییە لە ٥٠٪ داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە" وەزارەتی دارایی وادەڵێت.
ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بە حكومەتی فیدراڵی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێرو بەغدادە، ئەمە یەکەمجارە هەرێم داهات ڕادەست بکات.
هێشتا ڕوون نییە وەزارەتی دارایی عێراق ڕادەستکردنی ئەو بڕە پارەیە وەک داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەرێمەوە قبوڵ دەکات یاخود نا.
بەوپێیەی پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "حكومەتی هەرێم بەنیازە 100 ملیار دینار وەكوو نیوەی داهاتی ناوخۆی دەروازە سنوورییەكان و باج بۆ مانگەكانی دوو و سێی ئەمساڵ بخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردنی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم بەو شێوەیە ڕەت دەكاتەوە و داوای ڕادەستكردنی داهاتە ناوخۆییەكان بەپێی یاسا دەكات، بە تایبەتیش یاسای كارگێڕیی دارایی".
وەكوو سۆران عومەر بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە، بەپێی ماددەكانی 21 و 29ـی یاسای كارگێڕیی دارایی عێراق، جگە لە داهاتی هەندێك وەزارەتی خزمەتگوزاری، هەروەها لەسەدا 50ـی باج و گومرگ، دەبێت حكومەتی هەرێم كۆی داهاتە نانەوتییەكان ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات.
ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد كە "بەپێی تێگەیشتنی حكومەتی هەرێم، ئەوەی دەبێت ڕادەستی بكات، بریتییە لە نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و باج، بەڵام بەغداد ئەوە ڕەت دەكاتەوە".