دوای شەش مانگ زیندانیکردن عەباس ئاڤاشین ئازاد کرا

23-05-2024 06:45
عەباس ئاڤاشین دوای ئازاد کردنی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە. وێنەکە تایبەت بۆ پەرەگراف نێردراوە.

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ عەباس ئاڤاشین چالاکوانی ناحیەی شیلادزێ، گەڕایەوە ناو کەسوکاری و دوای شەش مانگ زیندانیکردن ئازاد کرا.

عەباس مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو دەستگیر کراو پاشان بە تۆمەتی "پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە" بە شەش مانگ زیندانیکردن سزا درا.

داخازا، برای عەباس ئاڤاشین بە پەرەگرافی وت "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە براکەم ئازاد کراو گەڕایەوە ناو کەسوکاری، هەرچەندە پێویست بوو پێش دوو رۆژ ئازاد بکرایە، بەڵام ئەمڕۆ ئازاد کرا".

ئەو برایەی عەباس ئاڤاشین وتیشی "لێرەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە هاوکارمان بوون لە دۆسیەی براکەم، ئەوەندە دڵخۆشین نازانین چۆن وەسفی بکەین، وەکو جەژنە بۆ ئێمە".

پێشترو لەکاتی سزادانی عەباس ئاڤاشین لەلایەن دادگاوە، هەوار زوبێر، پارێزەری ناوبراو بە پەرگرافـی وت "دادگای ‏دهۆك هۆكاری سزادانی بۆ ئەو گەڕاندەوە كە بەڵگەی تەواوی نامەی ‏دەنگی و نووسین هەیە كە لە ڕێگای تەلگرامەوە پەیوەندیی بە هێزەكانی ‏پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە كردووە".‏

ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەو ماددەیەی كە عەباس پێی سزا دراوە، ماددەی ‏‏1ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003یە".‏

بەپێی قسەی پارێزەرەكەی عەباس ئاڤاشین، دادگا "بەڵگەی تەواوی ‏لەبەردەستدا بوو، دانپێدانی عەباس لە دادگا خوێندرایەوە كە بەڵێ ‏پەیوەندیی بە پەكەكەوە كردووە و قسەی لەگەڵ كردوون".‏

ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 دەڵێت "ماددەی 156 لە ‏یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو لەكار ‏دەخرێت و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەمە جێگەی دەگرێتەوە: ‏هەركەسێ‌ بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ‌ ‏بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی ‏هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە ‏بەندكردنی هەتاهەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت".‏

لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانی یاسایی و چالاكوانانەوە ڕەخنەی ئەوە لە ‏ماددە یاساییەكە دەگیرێت كە "لاستیكی"یە و جۆری تاوان و سزاكەی بە ‏وردی دیاری نەكردووە، ئەمەش وا دەكات كەڵكی خراپی بۆ سزادانی ‏چالاكان و ڕۆژنامەنووسان لێ‌ وەربگیرێت.‏

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاكوانی دیكەی بادینان بە هەمان ‏ماددە و تۆمەت سزا دراون، دیارترینیان سزادانی پێنج چالاك و ‏ڕۆژنامەنووسی بادینان بوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن.‏