دوای زیاتر لە شەش مانگ دەستگیركردنی پارێزەران توانییان ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ببینن

22-05-2024 08:39
ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد

پەرەگراف

دوای زیاتر لە شەش مانگ دەستگیركردنی، پارێزەران توانییان لە ئاسایشی گشتیی دهۆك ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ببینن و بریكارنامە و پەنجەمۆر بۆ وەرگرتنی دۆسیەكەی وەربگرن. پارێزەرێكی دۆسیەكە دەڵێت "تەندروستیی ڕۆژنامەنووسەكە باشە و شوێنی ئەشكەنجەدان بە جەستەیەوە نەبووە".

سلێمان ئەحمەد كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی لە دەزگای ڕۆژنیوز كار دەكات، لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا لە كاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور (سێمێلكا) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كرا.

بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە پەرەگرافـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە 22-5-2024، لەگەڵ سێ پارێزەری تر سەردانی ئاسایشی گشتیی دهۆكمان كرد، لەوێ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدمان بینی".

تیمی پارێزەران توانیویانە بریكارنامە و پەنجەمۆر لەو ڕۆژنامەنووسە وەربگرن بۆ ئەوەی بە شێوەی یاسایی وەكوو پارێزەری دۆسیەكە دەستبەكار ببن و بەدواداچوونی بۆ بكەن.

لەبارەی دۆخی تەندروستیی سلێمان ئەحمەد، بەشدار حەسەن وتی "دۆخی تەندروستیی زۆر جێگیر و باشە، هەروەها پرسیارمان لەسەر شوێنی مانەوەی لێ كرد، وتی: شوێنەكەم باشە". جەختیش دەكاتەوە كە "گرنگتر لەوانە، هیچ نیشانەیەكی ئەشكەنجەدان بە جەستەیەوە دیار نەبوو".

سەبارەت بە دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، بەشدار حەسەن جەختی كردەوە كە "خۆشبەختانە هیچ تاوانێكی گەورەی لەسەر نییە، تا ئەم ساتەش بەڵگەیەكی ئەوتۆی لەسەر نییە".

"لە كاتی دەستگیركردنی ئاسایش، چەند پرسیارێكی گشتییان لێ كردووە، وەكوو ئەوەی: لە چ شوێنێك ئیش دەكەیت؟ بۆ چ شوێنێك ڕۆیشتووی؟ كێت بینیوە؟ چەند ساڵە لە ڕاگەیاندن ئیش دەكەیت و شوێنی نیشتەجێبوونت لەكوێیە؟"، ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وای وت.

بەشدار حەسەن وتیشی "ئێمە بە پەلە هەوڵ دەدەین كەیسەكەی لە ئاسایش بگوازینەوە بۆ دادگای تایبەتمەند، تاوەكوو ڕۆژی دادگاییكردنی دیاری بكرێت، هەموو هەوڵێك دەدین بە زووترین كات ئازاد بكرێت".