پەرەگراف
حكومەتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر كڕینی گازی كۆرمۆر دەربڕیوە بە ئامانجی بەكارهێنانی لە وێستگەی كارەبای كەركووك. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كاردانەوەی نیشاندا و دەڵێت "گازی كۆرمۆر نابێت بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم بفرۆشرێت".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "بەرهەمی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە غاز) تەرخان كراوە بۆ كەرتی كارەبا. بۆیە هەر بڕە غازێك كە بەرهەم بێت، نابێت بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم بە هیچ لایەنێك بفروشرێت".
كاردانەوەی سامانە سروشتییەكان پاش ئەوە هات كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی دوێنێیدا ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی پەسەند كرد، بۆ هاوردەكردنی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ وێستگەی كارەبای گازی كەركووك.
ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی عێراق بەنیازە گرێبەست (كۆمپانیای نەوتی هیلال)ـی ئیماراتی واژوو بكات بۆ كڕینی گازی لە كۆرمۆر بۆ وێستگەی كارەبای گازی كەركووك.
حكومەتی هەرێم لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئیماراتیی (دانە گاز و نەوتی هیلال) گرێبەستی بەرهەمهێنان، پەرەپێدان، بەبازاڕكردن و فرۆشتنی بەرهەمەكانی لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر واژوو كردووە، بەرهەمی گازەكەیش بە تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و پێداویستیی ناوخۆی هەرێم بەكار دێت.
کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانەو گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.
كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات، 250 ملیۆن دۆلار قەرزی لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز.
کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، دواینیان ڕۆژی 26-4-2024 بوو کە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
عێراق چاوی لە گازی کۆرمۆرە تا پشتی پێ ببەستێت و پێویستی بە گازی ئێران نەمێنێت بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، هاوکات تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی ئەو کێڵگەیەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.