پەرەگراف
تووشبوویەكی تای خوێنبەربوون لە ئاكرێ گیانی لەدەست دا و كەسێكی دیكەش تووشی پەتاكە بووە. تەندروستیی دهۆك هەڵمەتێكی ڕشاندنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە دەست پێ كرد.
دكتۆر سەگڤان حەسەن، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبرایەتیی تەندروستیی دهۆك، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ 22ی ئایار، پیاوێكی تەمەن 48 ساڵ كە خەڵكی ئاكرێیە، بەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا".
ئەو پیاوە لە 14ـی ئەم مانگە تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بووە، دواتر لە 19ی ئەم مانگە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی لە شاری هەولێر و لەوێ گیانی لەدەست داوە.
دكتور سەگڤان حەسەن وتیشی "ژنێكی تر كە تەمەنی 60 ساڵە و ئاژوڵدارن، تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی جێگیرە و گوازراوەتەوە بۆ ماڵەوە".
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەریی دهۆك دەستی كرد بە ڕشاندنی دەرمان لەو شوێنانەی مەڕ و ماڵات بەخێو دەكەن، هەڵمەتەكە بۆ ماوەی 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دكتۆر سەگڤان حەسەن بۆ پەرەگراف دەڵێت "لە ساڵی 2023دا تا ئێستا 8 كەس لە سنووری پارێزگای دهۆك تووشی تای خوێنبەربوون بوون، لەو ژمارەیە دوو كەس گیانیان لەدەست داوە".
تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ساڵانی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەستداوە.
نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.