پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ تا 7-1-2025 پەسەند کرد، ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەیە بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگیدا لەسەر هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پەسەندی کرد، بەپێی هەموارەکە تەمەنی کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە کە لە 7-7-2024 کۆتایی دەهات.
درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن لەکاتێکدایە دوێنێش دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لە دژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕەتکردەوە و فەرمانە سالارییەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە کە کارەکانی کۆمسیۆنی ڕاگرتبوو، تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە لەبەرچاوگرتنی گەڕاندنەوەی پێنج کورسی کۆتاکانە کە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بڕیاری لێدا. بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، گەڕانەوەی 5 کورسییەکەی کۆتا پێکهاتەکان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
بەپێی دابەشکاریی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ناتونێت لە 10-6-2024 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات و چاوەڕێیە سەرۆکی هەرێم ڕۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، کۆمسیۆن سەرلەنوێ دەرگای خۆ کاندیدکردن دەکاتەوە تا پارتی دیموکرات و پێکهاتەکان و ئەو لایەنانەی ئامادەنەبوون بەشداریی هەڵبژاردن بکەن خۆیان تۆمار بکەن و لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن.