پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لە دژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕەتکردەوە و فەرمانە سالارییەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە کە کارەکانی کۆمسیۆنی ڕاگرتبوو، تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ دانیشتنێکی لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی ئەنجامدا و سکاڵاکەی ڕەتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی گەڕاندنەوەی پێنج کورسی کۆتاکان کە دوێنێ دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بڕیاری لێداو ئەمڕۆ بڕیارەکەی بڵاوکردەوە.
بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، گەڕانەوەی 5 کورسییەکەی کۆتا پێکهاتەکان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لەسەر تانەیەکی یوسف یەعقوب مەتا سەرۆکی حیزبی یەكێتی بەیت نەهرەین دەرچووە کە تانەی لە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان داوە کە پێکهاتەکان بێبەشکراون لێی.
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن ڕایگەیاند؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.
گەڕانەوەی کورسییەکان دوای ئەوەدێت دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، ئەوەش ناڕەزایی تووندی پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی لێکەوتەوەو بەوهۆیەوە بڕیاریاندا بەشداریی هەڵبژردن نەکەن.
سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لە دژی کۆمسیۆن بەشێکی پەیوەست بوو بە سیستمی تۆماركردنی كاندیدەكان و پەسەندکردنیان کە بەپێی ئەو سیستمە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا ئەوەی خستبووەڕوو، دابەشکارییەکەی کۆمسیۆن پێچەوانەی دەستوورەو لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدران کورسییەکان دابەشکراون نەک لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان.
بەشێکی دیکە لە سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تایبەت بوو بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، هەرچەندە دادگای فیدراڵی پێشتر ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی دەستوور داوای لهبهرچاوگرتنی نوێنهرایهتی سهرجهم پێكهاتهكانی کرد له دهسهڵاتی یاسادانان و تا لەو ڕێگایەوە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.