پێنج کورسیی کۆتا گەڕێندرایەوە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان

21-05-2024 09:22

پەرەگراف

بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، پێنج کورسیی کۆتا گەڕێندرایەوە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، 2 کورسیی لە هه‌ولێرو 2 لە سلێمانی و 1 كورسی لە دهۆك دەبێت.

بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لەسەر تانەیەکی یوسف یەعقوب مەتا سەرۆکی حیزبی یەكێتی بەیت نەهرەین دەرچووە کە تانەی لە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان داوە کە پێکهاتەکان بێبەشکراون لێی.

بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، گەڕانەوەی 5 کورسییەکەی کۆتا پێکهاتەکان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، دوو کورسی بۆ سلێمانی و دوو بۆ هەولێرو کورسییەک بۆ دهۆک.

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن ڕایگەیاند؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.

بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن

گەڕانەوەی کورسییەکان دوای ئەوەدێت دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، ئەوەش ناڕەزایی تووندی پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی لێکەوتەوەو بەوهۆیەوە بڕیاریاندا بەشداریی هەڵبژردن نەکەن.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن تا دادگای فیدراڵی یەکلای کردەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بوو هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبوونەوە، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگا بە دڵی ئەو حیزبەو نیگەرانکەربوو بۆ پارتی و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکان.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان(خولی پێنجەم) پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو. بەپیی بەدواداچوونێکی پەرەگراف فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان بەڕێكرد.