پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەدات

20-05-2024 05:18

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 22-5-2024ی بڵاوکردەوە، لە بڕگەی یەکەمدا دەنگ لەسەر هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەدات، بەپێی هەموارەکە تەمەنی کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە واتە تا 7-1-2025.

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری دووەمی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد، بە مەبەستی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن کە 7-7-2024 بەسەر دەچێت، ئەوەش بەو ئامانجەی بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

لە ئێستادا کۆمسیۆنەکە کارەکانی ڕاگرتووە تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلایی دەبێتەوە کە مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی تۆماری کردووە لە دژی کۆمسیۆن، بڕیارە سبەینێش دادگاکە لەسەر ئەو سکاڵایە کۆببێتەوە.

دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن، جێبەجێکردنی ‏سیستمی تۆماركردنی كاندیدەكان و پەسەندکردنیانی ڕاگرتووە کە بەپێی ئەو سیستمە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا دەڵێت دابەشکارییەکەی کۆمسیۆن پێچەوانەی دەستوورەو لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدران کورسییەکان دابەشکراون نەک لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان.

بەشێکی دیکە لە سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تایبەتە بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، هەرچەندە دادگا فیدراڵی پێشتر ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی دەستوور داوای له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كات له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.

دادگای فیدراڵی لە فەرمانەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ڕاگرتنی ڕێكارەكانی کۆمسیۆن "زەرورەتی كرداری و هونەری"ـی هەیە، چونكە ڕێكارەكان و گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان، تێچوویەكی زۆریان لەسەر دەوڵەت هەیە و ئەگەر ‏دادگا وەڵامی بۆ سكاڵاكەی مەسرور بارزانی هەبێت و پێكهاتەكان بەشداریی ‏هەڵبژاردنەكە بكەن و لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت كە تا ئێستا پێشكەش نەكراوە، پێویستە ڕێكارەكان ‏دووبارە بگیرێنەوەبەر ئەوەش زیانێکی زۆری ماددی دەبێت ‏بەهۆی ئەو ڕێكارانەی كۆمسیۆن كە دەبێت دووبارە بکرێنەوە هەر بۆیە بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی ڕێكارەكان لە ئێستادا.

هاوڕێ تۆفیق شارەزای یاسا و هەڵبژاردن کە پێشووتر سەرۆکی نووسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بووە، پێیوایە "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە داواکەی مەسرور بارزانی پەسەندکردو ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی ڕاگرت بەجۆرێک لە جۆرەکان  پاشگەزبونەوەیە لە بڕیاری پێشووی دادگاکەو جارێکی دیکە گەڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانە بەڵام بە ژمارەو شێوەیەکی تر".

ئەو شارەزایەی یاساو هەڵبژاردن دەشڵێت "ئەوەی گرنگە سەرنجێکە کە دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی شایەنی پێداچونەوەو دەرکردنی بڕیاری تازەن، هەرچەندە ئەم قسەیە لە دیدی تیۆریی قانونیی وشک و رەهاییەوە راست نییەو بڕیارەکانی دادگا کۆتایین و شایەنی دەستکاریکردن نین، بەڵام لەنێوان بژاردەی پیتی سەر کاغەزو واقیع، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوەی دووەمیان ڕاستە".

ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە کۆمسیۆنەکە تا دوێنێش بەردەوام بوو لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٦ و لەو چوارچێوەیەدا دەستیکردبوو بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکەی حەقیقەت و جارێکی دیکە پرسەکە دەچێتەوەدەست نێچیرڤان بارزانی کە دوای بڕیاری کۆتایی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.