پەرەگراف
حکومەتی عێراق سبەینێی وەک ڕۆژی ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند بۆ گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان.
هاوکات هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکان پەیامی ماتەمینییان ئاڕاستەی ئێران کرد بەهۆی رووداوەکەوە.
لە ئێرانیش عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ٥ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و لە پەیامێکدا بۆ گیانلەدەستدانی ڕەئیسی و هاوکارەکانی، دەڵێت "سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەكەم و پێنج ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی ڕادەگەیەنم"
خامنەیی لە وەسفی ئیبراهیم ڕەئیسیدا دەڵێت "ڕەئیسیی ئازیز ماندووبوونی نەدەناسی. گەلی ئێران خزمەتگوزارێكی دڵسۆز و بەنرخی لەدەست دا، کە تەمەنی لە خزمەتی بەردەوامی گەل و وڵاتەكەی و ئیسلامدا بەسەر برد".
خامنەیی دەشڵێت "دەبێت بەپێی ماددەی 131ـی دەستوور، لە ماوەی ئەوپەڕی 50 ڕۆژدا، سەرۆككۆماری نوێ هەڵبژێردرێت".
هێلیكۆپتەرێك كە سەرۆككۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی تێدابوو، دوێنێ لە ناوچەیەكی سەختی پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی (تەبرێز) تووشی ڕووداوێك بوو، پاش زیاتر لە ١٤ کاتژمێر تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو هێلیکۆپتەرەکەیان بە تێکشکاویی دۆزییەوەو سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا بە فەرمی هۆکاری تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکە ئاشکرا نەکراوە.