دەستەی مافی مرۆڤ و میترۆ: دەبێت بە یاسای ڕۆژنامەنووسی و لەلایەن پۆلیسەوە لێكۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووس شاكار ستار بكرێت
پەرەگراف
دەستگیركردنی "ڕۆژنامەنووس شاكار ستار" لەلایەن ئاسایشەوە نیگەرانیی لێ دەكەوێتەوە و دەستەی مافی مرۆڤ بە "پێچەوانەی بنەمای مافەكانی مرۆڤ" ناوی دەبات، سەنتەری میترۆیش دەڵێت "دەبوو بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی و لەلایەن پۆلیسەوە لێكۆڵینەوە لە كەیسی ڕۆژنامەنووس شاكار ستار بكرێت".
بەپێی لێدوانی هاوسەرەكەی، شاكار ستار شەوی 18ـی ئەم مانگە لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی ئاشتی/كۆیە، لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كراوە. هاوسەرەكەی دەڵێت "لەگەڵ دوو مناڵەكەم كە یەكێكیان تەمەنی ساڵ و نیوێكە و ئەوی تریان 6 ساڵانە، بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا ئاسایشی سلێمانی بردینیان، بەڵام ئێمەیان ئازاد كرد".
هەریەكە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بەدواداچوونیان بۆ كەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسە كردووە و هەوڵیان داوە ئازاد بكرێت، بەڵام ئاسایش ئازادی نەكرد و ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دەستگیركردنیەوە بڵاو كردەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت "شاكار ستار كاری ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بۆ چەند زنجیرە ڕاپۆرتێكی ناڕاست و چەواشەكار بۆ پەیجێكی نافەرمی كردووە، لە ڕاپۆرتەكانیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم بە چەند تۆمەتێكی ناڕاست و بێ بنەما و چەواشكار تۆمەتبار دەكات، بە ئامانجی نانەوەی پشێوی و ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان".
بەپێى ڕوونكردنەوەکەى دەزگای ئاسایشی هەرێم "شاكار ستار لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر تۆمەتبار بە ماددەی (٢٢٦) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە".
لەبارەی كەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە، دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان دەڵێت "پێمان وایە شێوازی دەستگیركردنی شاكار ستار بەو جۆرە لەلایەن ئاسایشەوە، پێچەوانەی بنەمای مافەكانی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەرییە، بەو پێیەی ناوبراو ڕۆژنامەنووسە، دەستگیر كردنەكەش بەو شێوازە لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی و كاری هێزی پۆلیسە نەوەك هێزەكانی ئاسایش".
هەروەها سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا لەژێر ناونیشانی "دەستگیركردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن ڕەت دەكەینەوە"، دەڵێت "پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە، گەڕانەوەیە بۆ دواوە، دەبوو لە كەیسی ڕۆژنامەنووس شاكار ستار، پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات نەك دەزگای ئاسایشی هەرێم".
میترۆ ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كەیسی ئەم ڕۆژنامەنووسەدا "سكاڵاكەر كە دەزگای ئاسایشی هەرێمە، هەر خۆی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات"، هەر بۆیە دەپرسێت "ئایا دەكرێت لە تاوانەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، لایەنی سكاڵاكەر خۆی پرۆسەی دەستگیكردن و هەر خۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات؟".
"لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لە پۆلیس، هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت ڕۆژنامەنووس بانگ بكات، ئەویش تەنها بە فەرمانی دادوەر بێت"، میترۆ وا دەڵێت.
سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت "دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ ڕۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ مادەكانی یاسای ڕۆژنامەگەری".
هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ جەخت دوكاتەوە كە "پێویستە لەمەودوا ڕێكارەكانی دەستگیركردنی تۆمەتبار و داواكراوان بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندیی ئەو هێزانە بێت". دەشڵێت "بە پێچەوانەوە، ئەو ڕێكارانە جگە لەوەی پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە، كاریگەریشی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پڕۆسەی دیموكراسی دەبێت".
دەستەكە ڕایدەگەیەنێت كە "ئەو بابەتە بەهەند وەردەگرین و لە ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ دامودەزگاكانی ئەمنی لەسەر خەت دەبین".